رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نەرویجیی دەریخستووە، کەمترین ئاستی چالاکیی جەستەیی پەیوەندییەکی بەرچاوی بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک و مردنەوە هەیە لەنێو ئەو کەسانەی ناڕێکیی لێدانی دڵیان هەیە.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئارکتیک لە نەرویج لەسەر زیاتر لە 87 هەزار کەس کرا و ئەنجامەکەی لە گۆڤاری Journal of the American Heart Association بڵاو کراوەتەوە؛ دەرکەوتووە ئەوانەی جووڵەیان هەبووە مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشکیان بە رێژەی 9% تاوەکو 19% کەمتر بووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چالاکیی جەستەیی ئەگەری مردنی لەناکاوی بە رێژەی 11٪ بۆ 22٪ کەم کردووەتەوە.
د.کریستۆفەر رۆبن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند، "جووڵەی جەستەیی بەردەوام بۆ هەموو کەسێک گرنگە و لەنێو تووشبووانی ناڕێکیی لێدانی دڵدا، چالاکیی جەستەیی بووەتە هۆی زیادبوونی نزیکەی ساڵێک تەمەن''.
ئەو جۆرەی ناڕێکیی لێدانی دڵ کە باس کراوە ناوی (Atrial Fibrillation)ـیە و باوترین جۆری ناڕێکیی لێدانی دڵە، ئەم دۆخە کاتێک روودەدات کە بەشی سەرەوەی دڵ (گوێچکەڵەکان) بەشێوەیەکی خێرا و ناڕێک لێدەدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خوێن وەک پێویست پاڵنەنرێت. یەکێک لە مەترسیدارترین دەرەنجامەکانی ئەم نەخۆشییە، زیادبوونی مەترسیی تووشبوونە بە جەڵتەی مێشک، کە رەنگە تاوەکو پێنج هێندە زیاتر بێت لە کەسانی ئاسایی.
گرنگترین هەنگاوەکانن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی توشبوون بەو ناڕێکییە ئەمانەن؛
-کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری خوێن .
- جووڵە و وەرزشکردنی بەردەوام.
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ.
-چاودێریکردنی ئاستی کۆلیستڕۆڵ.
-نەخواردنەوەی کحول.
.png&w=3840&q=75)


