رووداو - تەندروستی
تۆژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریخستووە، بەکارهێنانی رۆژانەی حەبی ڤیتامینی گشتی یارمەتیی بەساڵاچووان دەدات جەستەیەکی چالاکتر و تەندروستتریان هەبێت و ئاسانتر ئەرکە رۆژانەیییەکانی وەک رێکردن و خۆگۆڕین راپەڕێنن.
د. بایۆ بیکێلی و د. یانبین دۆنگ، توێژەری سەرەکی لە زانکۆی پزیشکیی جۆرجیا لە ئەمریکا پێداچوونەوەیان بۆ زانیاریی زیاتر لە 16 هەزار کەسی بەساڵاچووی سەروو 60 ساڵ کردووە و دەرکەوتووە؛ ئەوانەی بۆ پێنج ساڵ یان زیاتر بە بەردەوامی رۆژانە حەبێکی مەڵتیڤیتامینیان خواردووە، توانای جەستەیی و تەندروستیی گشتییان زۆر باشتر بووە.
هەروەها نیشانەکانی وەک ماندووێتی و هەناسەتەنگی لە ناوچەی دڵ و سنگیاندا بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
سوودەکانی ڤیتامینی گشتی (مەڵتیڤیتامین) بۆ بەساڵاچووان؛
1- پاراستنی تەندروستیی ئێسک و جومگەکان
2- باشترکردنی یادگە و چالاکیی مێشک
3- بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی جەستە
4- پێدانی وزەی پێویست بە جەستە
5- باشتربوونی دەرووندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO داوا لە بەساڵاچووان دەکات پێش بەکارهێنانی هەر جۆرە دەرمان یان ڤیتامینێک هەمیشە راوێژ بە پزیشک یان پزیشکی دەرمانساز بکە.



