رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات کە لە هەر 5 کەس، یەکێکیان لەوانەیە هەڵگری مەترسییەکی شاراوەی بۆماوەیی بێت بۆ نەخۆشییەکانی دڵ، کە لە پشکنینە ئاساییەکاندا دەرناکەوێت.
توێژینەوەکە لە کۆلێژی پزیشکی بایلۆر لە ئەمریکا لەسەر زیاتر لە 20 هەزار کەس ئەنجامدراوە تێیدا دەرکەوتووە مادەیەکی بۆماوەیی بەناوی LP(a) کە کۆڵیستڕۆڵی خوێن دەگوازێتەوە بە بەرزبوونەوەی لە خوێندا مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکات.
د. سوبهاش بانەرجی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند: "پشکنینە ئاساییەکانی ئاستی کۆلیستڕۆل، رێژەی Lp(a) یان تێدا دەرناکەوێت، پێویستە پشکنینی تایبەتی بۆ بکرێت" .
توێژینەوە ئەمریکیەکە دەریخستووە کە ئاستی Lp(a) کاتێک دەگاتە 125 nmo/L یان زیاتر، مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ، لوولەکانی خوێن و مردن بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد دەکات.
بە گوێرەی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتیمانی ئەمریکا،نزیکەی 20–30% لە خەڵکی جیهان ئاستی Lp(a) ـیان بەرزە.



