رووداو- تەندروستی توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، ئاوی گازداری بێ شەکر هەڵبژاردەیەکی باشترە بۆ پاراستنی ددانەکان بە بەراورد بە سۆدەی شیرین. توێژینەوەکە لە زانکۆی پەردوو لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، کاریگەریی هەریەک لە سۆدەی شیرین و ئاوی گازداری بێ شەکری لەسەر ترشیەتی نێو دەم و مینای ددان بەراورد کردووە، دەرکەوتووە کە ئاوی گازداری بێ شەکر زۆر سەلامەتترە بۆ مینای ددان. د. وەجیها زولفیقار، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند، "لەگەڵ رەچاوکردنی پاکوخاوێنی دەم و ددان، خواردنەوەی ئاوی گازداری بێ شەکر سەلامەتترە و دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی باش بۆ ئەو کەسانەی سۆدەی شیرین زۆر بەکاردەهێنن." مینای ددان، کە چینی دەرەوەی ددانە، کاتێک ئاستی ترشیەتی نێو دەم لە 5.5 دادەبەزێت، هەستیار دەبێت و مەترسیی داخورانی لەسەر دروست دەبێت، هەرچەندە ئاوی گازدار دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی ترشیەتییەکە دابەزێنێت، بەڵام کاریگەرییەکەی زۆر کەمترە لەوەی کە سۆدەی شیرین دروستی دەکات. چۆن مینای ددانت دەپارێزیت؟ - کەمکردنەوەی خۆراک و خواردنەوە شیرین و ترشەکان - بەکارهێنانی فڵچە و هەویری ددانی گونجاو - خواردنەوەی ئاو بە بەردەوامی - سەردانکردنی پزیشکی ددان