رووداو - تەندروستی ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمریکا، رووبەڕووی بڵاوبوونەوەی بەرچاوی ڤایرۆسی سوورێژە بووەتەوە و ناوچەی لانکاستەر بووەتە چەقی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە. وەزارەتی تەندروستیی ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمریکا، هۆشدارییەکی بەپەلە لەبارەی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڤایرۆسی سوورێژە دەدات و دەڵێت، تاوەکو کۆتایی مانگی 7ی 2026، لە کۆی 158 حاڵەت، 92 حاڵەتیان لە ناوچەی لانکاستەر بووە. د. پیا فینیمۆر، سەرۆکی بەشی منداڵان لە ناوەندی تەندروستیی لانکاستەر پێن میدیسن رایگەیاند، "هیچ کام لە هەڵگرانەی ڤایرۆسی سوورێژە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، رێژەی کوتانی منداڵان لەم ناوچەیەدا بۆ خوار 95% دابەزیوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڤایرۆسەکە بەخێرایی لەنێو منداڵان و کەسانی بەرگری لاوازدا بڵاوببێتەوە." زیاتر لە 25 ساڵ پێش ئێستا، ئەمریکا کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەی راگەیاندبوو، بەڵام دابەزینی رێژەی کوتان و زانیاریی هەڵە لەبارەی ڤاکسینەوە، جارێکی دیکە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی ئەم نەخۆشییەی لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووەتەوە. وەزارەتی تەندروستیی پێنسلڤانیا رێنوێنییەکانی کوتانی گۆڕیوە و داوا لە دایک و باوکان دەکات، ژەمی یەکەمی ڤاکسینی سوورێژە (MMR) لە تەمەنی 6 مانگییەوە بە منداڵەکانیان بدەن، لەبری چاوەڕوانیی تەمەنی یەک ساڵی.