رووداوی-تەندروستی
توێژینەوەیەک لە بەریتانیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە چالاکیی جەستەیی بەردەوام وەک پاسکیلسواری و مەلەوانی، رۆڵی سەرەکی هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە.
توێژینەوەیەکە لە کۆلێژی پزیشکی لەندەن لە بەریتانیا کراوە و دەرکەوتووە کە وەرزشی پاسکیلسواری و مەلەوانی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن، مەمک، گورچیلە و گەدە کەم دەکاتەوە.
بەپێی رێنوێنییەکانی ناوەندی تەندروستیی بەریتانیا (NHS)، پێویستە گەنجان هەفتانە لانیکەم 150 خولەک چالاکیی مامناوەند یان 75 خولەک چالاکیی قورس ئەنجام بدەن، لەگەڵ دوو رۆژ چالاکیی بەهێزکردنی ماسولکەکان.
کۆلێژە بەریتانییەکە ئاشکرای دەکات گۆڕینی تەنیا 30 خولەک وەرزشی رۆژانە بە دانیشتن، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە بە رێژەی 8% زیاد دەکات.
د. جۆن میچڵ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند، "ئەو کەسانەی کاتێکی زیاتر بە دانیشتنەوە بەسەر دەبەن، مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجە زیاترە، بەتایبەت ئەوانەی پێشتر ژیانێکی چالاکیان هەبووە."



