رووداو- تەندروستی توێژینەوەیەک لە ئەمریکا، دەریدەخات كە چارەسەرێکی نوێ ڤایرۆسی HIV لە جەستەی منداڵانی تازەلەدایکبوو بە تەواوی پاکدەکاتەوە. زانکۆی تەندروستی و زانستیی ئۆریگۆن لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات چارەسەرەکە پێکهاتووە لە دەرمانێکی دژە ڤایرۆسی لەگەڵ دوو دژەتەنی بەهێز کە هێرش دەکەنە سەر بەرگی دەرەوەی ڤایرۆسەکە، هەروەها دژەتەنی سێیەم بەناوی لیرۆنلیماب، کە وەرگری CCR5 لەسەر رووی خانەکان دادەخات، ئەمەش ئەو رێگەیە کە زۆربەی جۆرەکانی HIV لە کاتی لەدایکبووندا بۆ چوونە ژوورەوەی خانەکان بەکاریدەهێنن. پرۆفیسۆر د. جۆنا ساچا، لە زانکۆی تەندروستی و زانستی ئۆریگۆن و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، گوتی: "دەرمانی لیرۆنلیماب رۆڵی سەرەکی هەیە، چونکە رێگە نادات ڤایرۆسەکە بچێتە نێو خانەکانی بەرگریی جەستەوە و بەمەش لە بڵاوبوونەوە و مانەوەی دەوەستێنێت." "ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە و دەکرێت راستەوخۆ بۆ چارەسەری منداڵانی ساوا بەکاربهێنرێت." پرۆفیسۆر د. جۆنا ساچا گوتی "ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە و دەکرێت راستەوخۆ بۆ چارەسەری منداڵانی ساوا بەکاربهێنرێت." ساڵانە، زیاتر لە 120 هەزار کۆرپە لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسی HIV دەبن.