رووداو - تەندروستی
داهێنەری دڵی دەستکرد کە پسپۆڕێکی کوردە نوێترین زانیاری خۆی بە رووداو دەدات و دەڵێت: تەنیا رەزامەندی ئەوە ماوە کە لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە.
د. ئازاد نەجاڕ، داهێنەری دڵی دەستکرد لە دهۆکەوە بە رووداوی راگەیاند، هەموو شتێک لەسەر دڵە دەستکردەکە تەواوە و تەنیا رەزامەندی دەوێت بۆ تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ.
بەگوتەی د. ئازاد، تائێستا ئەو تاقیکردنەوانەی لەسەر ئاژەڵ کراون و کە بۆ ئاژەڵان چێندراون، سەرکەوتوو بووە و دڵەکە زۆر باش کاری کردووە. هەر بۆیە هیوادارە کە ساڵی داهاتوو لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە.
د. ئازاد نەجاڕ، تەمەنى 53 ساڵە و خەڵکى زاخۆیە، لە سوێد پزیشکە و توانى دواى 20 ساڵ کارکردنى بەردەوام دڵى دەستکرد دروست بکات، هەروەها خاوەنى دەیان داهێنانى دیکەیە لە بوارەکانى پارچەى دەستکرد و ئامێرى نەشتەرگەرى و بڕوانامەى پارێزراوى داهێنانەکانیشى پێبەخشراوە.
نرخی ئەو دڵە دەستکردە 120 هەزار دۆلارە. دکتۆر ئازاد نەجاڕ دەڵێت: "شەش مانگمان پێویستە بۆ دروستکردنی دڵێک، بەڵام کاتێک کەوتە واری جێبەجێکردنەوە بەرنامەمانە بە مانگێک دڵێک دروستی بکەین، دڵەکە بەشێوەیەکی بێدەنگ کاردەکات و قەبارەی بچووکە، وەک دڵی سرووشتی کاردەکات''.
هەر دەرمان و ئامێرێکی تەندروستی لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) رەزامەندی لەسەر نەدرێت، ناتواندرێت بەکاربهێندرێت.


.png&w=3840&q=75)