رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی نەخۆشییەکانی هەناو لە هەرێمی کوردستان چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە لە ئەنجامی گفتوگۆیەکی لەگەڵ هاووڵاتییەکی زیمبابۆی بەسەریدا هاتووە؛ ئەو نەخۆشەی گوتوێتی ''لام زۆر سەیرە وەرگرتنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان ئاوها ئاسان و سانا بێت''.
د. هێرش قادر دەربەندی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو باس دەکات ''قەدەر وابوو، نەخۆشێک سەردانی کردین کە هاووڵاتیی زیمبابۆی کیشوەری ئەفریقیا بوو، ئەم چارەخوازە کەسێکی خوێندەوار و زیرەک بوو، ماوەی چەند رۆژێک باری تەندروستیی ناجێگیر دەبێت و دەچێتە چەند دەرمانخانەیەکی نزیک لە خۆی بۆ چارەسەری، بەڵام بەهۆی لێکنەگەیشتن و نەبوونی رێگەی دروستی پەیوەندیکردن نەیتوانیوە چارەسەری دروست وەربگرێت''.
ئەو دەڵێت: دوای گفتوگۆیەکی ورد و هەڵسەنگاندنی تەواو، بابەتێکی باس کرد کە لای من زۆر سەرنجڕاکێش بوو، زۆر بە سەرسوڕمانەوە باسی کرد، لەماوەی دوو ساڵی رابردوو کە لە کوردستانە بۆ زۆر کێشەی تەندروستیی چووەتە دەرمانخانەکان و دەرمانی جۆری جیاواز و ئاستی جیاوازی پێ دراوە بێ بوونی رەچەتەی پزیشک و بینینی پزیشک.
ئەو نەخۆشەی پێی گوتووە: دەستکراوەین کە جۆرەها دەرمان لە دەرمانخانەکاندا وەربگرین و لام زۆر سەیرە وەرگرتنی دەرمان ئاوها ئاسان و سانا بێت.
پزیشکەکە لێی پرسیوە: لە سیستمی تەندروستیی وڵاتەکەت ( زیمبابۆ) دۆخەکە چۆنە؟
نەخۆشەکە گوتی: سەرەڕای هەبوونی بیمەی تەندروستی بۆ زۆرینەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، نەخۆش بۆ نەخۆشی دەچێتە لای پزیشکی شارەزای گشتی و لەڕێگەی ئەوەوە ئاڕاستەی چارەسەری دیاری دەکرێت، مەگەر بۆ ئەو دەرمانانە نەبێ کە پێویستییان بە رەچەتەی پزیشک نییە کە پێیان دەگوترێت OTC.
ئەو نەخۆشە زیمبابۆییە دەیگوت: گەر دەرمانخانەیەک دەرمانی دژەبەکتریا بدات بە بێ رەچەتە ئەوا مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیردرێتەوە.
لەکۆتاییدا د. هێرش دەربەندی دەڵێت: ئاساندەستکەوتنی دەرمان بابەتێکی زۆر هەستیارە و لێکەوتەی مەترسیداری گەورەی هەیە، چونکە دەرمان کاریگەریی لاوەکیی هەیە، پێویستە وەزارەتی تەندروستی و سەندیکا پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی تووندوتۆڵ بگرنەبەر (سەرەڕای دەستخۆشی بۆ وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکان/ کە لەڕێگەی رەچەتەی سوورەوە خەریکە کۆنتڕۆڵی گرووپێک لە دەرمانە ئازارشکێنەکان دەکەن).



.png&w=3840&q=75)