رووداو - تەندروستی
سەرۆکی زانکۆی هەولێری پزیشكی ئاشکرای دەکات، ساڵانە زیاتر لەو ژمارەیەی کە پێویستە، خوێندکارانی کۆلێژە پزیشکییەکان وەردەگیرێن و دەردەچن.
پڕۆفیسۆر د. عەلی دەباغ، سەرۆکی زانکۆی هەولێری پزیشكی بە رووداوی راگەیاند، ساڵانە ژمارەی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی زیاد دەبێت و ئەمەش لەگەڵ پێویستییەکانی وەزارەتی تەندروستیدا ناگونجێت و زیاترە.
پڕۆفیسۆر د. عەلی دەباغ باسی هەندێک لە ئامارەکان دەکات و دەڵێت، لە هەموو هەرێمی کوردستان پێویستە ساڵانە 673 پزیشك دەربچن، بەڵام ئەو ژمارەیە ساڵانە زیاد دەکات و لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت، تەنانەت لەبارەی پزیشکیی ددانیش دەڵێ، ساڵانە دەرچوونی 132 پزیشکی ددان پێویستە بۆ وەزارەتی تەندروستی، بەڵام زۆر زیاتر لەم ژمارەیە لە زانکۆ حکومی و تایبەتییەکانی هەرێمی کوردستان دەردەچن.
لەبارەی دامەزراندنی پزیشکانی گشتی قسە دەکات
پڕۆفیسۆر عەلی دەباغ قسەی لەسەر دامەزراندنی ئەو پزیشکانەی گشتی کرد کە ساڵی رابردوو زانکۆیان تەواو کردووە و ژمارەیان 663 پزیشکە، ئەو دەڵێت: لە هەموو لایەکەوە کاری لەسەر دەکرێت و بە دڵنیاییەوە هەر جێبەجێ دەبێت.
''دەمانەوێت ژمارەی وەرگرتنی قوتابییانی پزیشکت کەمتر بێت بەراورد بە ساڵانی رابردوو''
سەرۆکی زانکۆکە رایدەگەیێنێت، بەهۆی زۆریی ژمارەی دەرچووانی زانکۆکە و بەتایبەتیش بەشە پزیشکییەکان، کە لە سەروو ئاستی پێویستی وەزارەتی تەندروستییە بۆ شەش ساڵی داهاتوو، بڕیاریان داوە کە خوێندکاری کەمتر وەربگرن.
ئەمەشی بەهۆی ئەوە باس کرد کە ئەگەر ژمارەی قوتابییان زۆر بێت، کەمتر دەتوانن کۆنتڕۆڵیان بکەن. لە کۆتاییشدا گوتی: زانکۆی هەولێری پزیشکی باشترین مامۆستا و سیستمی خوێندنی تێدایە و هەر قوتابییەکیش تێیدا وەربگیرێت، بە دڵنیاییەوە بە ئاستێکی بەرز فێردەبێت.
''پێویستە ئەنجامی توێژینەوەکان بە هەند وەربگیرێن''
سەرۆکی زانکۆی هەولێری پزیشكی موژدە دەداتە توێژەران کە میکانیزمێکی نوێ پەیڕەو دەکەن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەوەی توێژینەوەکانیان بە هەند وەربگیرێت و دەڵێت: لەمەودوا پێویستە وەزارەتی تەندروستی ئەنجامی توێژینەوەکان بایەخ پێبدات.
پڕۆفیسۆر د. عەلی دەباغ بە رووداوی راگەیاند، توێژینەوەکانمان لە گۆڤارە ئاست بەرزەکان بڵاو دەبنەوە و دەیاندەینە وەزارەتی تەندروستی. ئامانجی ئەوەش لەپێناو ئەوەیە کە وەزارەتی تەندروستی لەڕووی چاکسازیی پزیشکی و کارگێڕیی و ئەکادیمییەوە سوود لە ئەنجامی توێژینەوە و دۆزینەوە پزیشکییە نێوخۆییەکان وەربگرێت.


