رووداو - تەندروستی
هەردوو رێکخراوی یونیسێف و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنن، هێشتا دایکانی زۆرێک لە وڵاتان پاڵپشتیی بۆ شیردانی سرووشتییان پێ ناگات. هەردوو رێکخراوەکەش داوای بەهاناهاتنی بەپەلە دەکەن. یونیسێفیش دەڵێت، شیری دایک ساڵانە رێگری لە نزیکەی 400 هەزار گیانلەدەستدانی منداڵ دەکات.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، شیردانی سرووشتی یەکێکە لە سادەترین و بەهێزترین رێگەکان بۆ پاراستنی تەندروستیی منداڵ. خۆراکی پێویست بۆ کۆرپە و منداڵانی بچووک دابین دەکات، بەرگریی جەستەشیان بەهێز دەکات و یارمەتیدەرە لە پاراستنیان لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان، و پاڵپشتیی گەشەی هزرییان دەکات.
رێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە رێژەکانی شیردانی سرووشتی لە جیهاندا روو لە زیادبوونە. تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی تەمەندا لە نزیکەی 37٪ـەوە لە ساڵی 2012 بۆ زیاتر لە 47٪ بەرزبووەتەوە. لە پێنج ساڵی رابردوودا، رێژەکەش تا تەمەنی دوو ساڵی لە 38٪ـەوە بۆ 50٪ بەرزبووەتەوە.
بەڵام هێشتا پێشکەوتنەکان یەکسان نین، زۆرێک لە وڵاتان لە ئامانجە جیهانییەکان دواکەوتوون. داپۆشینی خزمەتگوزارییەکانی پاڵپشتیکردنی شیردان بە مەمک هێشتا نزمە، سیاسەتەکان بە شێوەیەکی نایەکانگیر جێبەجێ دەکرێن، و کوالیتیی خزمەتگوزارییەکان زۆرجار ناتەواوە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی داهاتیان کەمە، یان لە بارودۆخی مرۆیی لاوازدان.
رێکخراوی یونیسێف ئەوەش ئاشکرا دەکات کە شیردانی سرووشتی دەتوانێت ساڵانە رێگری لە نزیکەی 400 هەزار گیانلەدەستدانی منداڵ و نزیکەی 140 هەزار گیانلەدەستدانی دایک بکات.
شیرپێدانی سرووشتی نەک تەنیا بۆ کۆرپە بەڵکو بۆ دایکەکەش سوودی هەیە و د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: بۆ دایکان یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەکو شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان، و شەکرەی جۆری 2.


