ئامادەکردنی: زینەت ستار
لە هەرێمی کوردستان، تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە بەخێرایی زیاد دەکات، لە 6.3 ملیۆن دانیشتوو، ئێستا 868هەزار کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوون بە جۆرە جیاوازەکانییەوە. بەو پێیە، ئێستا 13.8٪ی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان شەکرەیان هەیە.
د. بەرهەم زەینەدین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرە لە هەڵەبجە بە رووداوی گوت، رێژەی تووشبوون بەم نەخۆشییە زۆر بە خێرایی لە بەرزبوونەوەدایە. بەپێی داتاکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شەکرە (IDF) بۆ ساڵی 2024، رێژەی بڵاوبوونەوەی شەکرە لە عێراق گەیشتووەتە 13.4%ی کۆی دانیشتووانی پێگەیشتوو.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان، د. بەرهەم ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی خەمڵاندنێکی زانستیی ساڵی 2023، لە کۆی نزیکەی 6.3 ملیۆن دانیشتووان، پێشبینی دەکرێت 868 هەزار کەس تووشبووی شەکرە بن.
ئەو پسپۆڕە گوتی: بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی نەخۆشخانە حکومییەکان تاوەکو ساڵی 2022، لە سلێمانی نزیکەی 36,000 نەخۆش، لە هەولێر 48 هەزار و 967 نەخۆش و لە دهۆک 32 هەزار و 713 نەخۆش تۆمار کراون."
د. بەرهەم: لە پشکنینی مەیدانیدا دەرکەوتووە 18.2%ی خەڵک تووشبووی شەکرەن
بەڵام د. بەرهەم زەینەدین، هۆشداریی دا کە ژمارەی راستەقینە زۆر لەمە زیاترە، چونکە سەدان هەزار کەس هێشتا دەستنیشان نەکراون یان تەنیا سەردانی نۆرینگە تایبەتەکان دەکەن. "لە پشکنینێکی مەیدانیدا بۆ خەڵکی ئاسایی، دەرکەوتووە کە 18.2%ی خەڵک شەکرەیان هەیە و 14.7%یش لە قۆناخــی پێش شەکرە (Pre-diabetes) دان."
سەبارەت بە پابەندبوونی نەخۆشەکان بە رێنماییە پزیشکییەکان، د. بەرهەم زەینەدین گوتی: "بەداخەوە دڵخۆشکەر نییە؛ تەنیا 30% بۆ 40%ی نەخۆشەکان بە تەواوی پابەندی رێنماییەکان دەبن. بەشێکی زۆری نەخۆشەکان تەنیا پشت بە دەرمان دەبەستن و گرنگی بە گۆڕینی سیستەمی خۆراک و دابەزاندنی کێشیان نادەن، ئەمەش وای کردووە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە قورس بێت."
"ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 30 ساڵە زیاتر تووش دەبن"
بەرپرسانی تەندروستی و پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی شەکرە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، نوێترین ئامار و هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە نێوان هاونیشتمانییاندا بۆ رووداو ئاشکرا دەکەن.
هەولێر؛ تووشبوون کەم بووە
د. سامان سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، بەپێی ئامارەکان، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە لە چاو ساڵانی رابردوو کەمی کردووە. سامان سولەیمان ئامارەکانی بەم جۆرە خستە روو:
- لە ساڵی 2024دا: 975 گەورە، 81 منداڵ و 202 ئاوارە تۆمار کراون.
- لە ساڵی 2025دا: 1,334 گەورە، 73 منداڵ و 99 ئاوارە تۆمار کراون.
- لە ساڵی 2026دا: 375 گەورە، 8 منداڵ و 103 ئاوارە تۆمار کراون.
د. سامان، هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیەی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی رۆشنبیریی گشتی لەبارەی رێنماییەکانی خۆپارێزی گەڕاندەوە و گوتی: "زۆربەی ئەوانەی تووش دەبن تەمەنیان لە سەرووی 30 ساڵە."
دهۆک؛ زیادبوونی ساڵانە و کێشەی کۆنتڕۆڵنەکردن
د. بڵند بەیار، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرە لە دهۆک بە رووداوی گوت، ساڵانە ژمارەی تووشبووان روو لە زیادبوون دەکات و تووشبوون لە نێوان ژنان و پیاواندا یەکسانە و زۆربەیان تەمەنیان لە سەرووی 30 ساڵە.
د. بڵند تیشکی خستە سەر کێشەیەکی جیهانی و گوتی: "نزیکەی 80%ی تووشبووان لە هەموو جیهان نەخۆشییەکەیان کۆنتڕۆڵ ناکرێت، لە کوردستانیش تەنیا 30%یان پابەندی رێنماییە پزیشکییەکانن."
ئەو هۆکارەکانی تووشبوونی بۆ قەڵەوی، کەمیی جووڵە، خواردنی ناتەندروست و بۆماوەیی گەڕاندەوە و داوای لە هاونیشتمانییان کرد پابەندی رێنماییەکان بن تاوەکو نەخۆشییەکەیان نەگاتە قۆناخــێکی مەترسیدار.
د. تەها مەحوی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرە لە سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند، ژمارەی تووشبووان هاوشێوەی ساڵانی رابردووە. ئەویش دووپاتی کردەوە کە زۆرینەی تووشبووان تەمەنیان لە سەرووی 30 ساڵە و هۆکارەکان هەمان ئەو هۆکارە باوانەن کە لە ناوچەکانی دیکەشدا دەبینرێن.
د. تەها ئاماژەی بە خاڵێکی ئەرێنی کرد و گوتی: "بە رێژەیەکی زۆر تووشبووان سەردانمان دەکەن، رێنماییە پزیشکییەکان وەردەگرن و پابەندی پارێزیی خۆراک دەبن."
هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە:
هۆکارە سەرەکییەکان بۆ تووشبوون بە شەکرەی جۆری 2 بریتین لە:
* قەڵەوی: کە هۆکاری ژمارە 1ـە لە هەرێمی کوردستان.
* شێوازی ژیانی ناتەندروست: وەک کەمیی جووڵە و وەرزش نەکردنی رۆژانە.
* سیستەمی خۆراکی خراپ: زۆر بەکارهێنانی شەکر، کاربۆهیدرات، خواردنی خێرا و ئامادەکراو.
* هۆکاری بۆماوەیی: هەبوونی مێژووی نەخۆشییەکە لە ناو خێزاندا.
* گوشاری دەروونی (Stress) و تێکچوونی خەو.
زۆرترین رێژەی تووشبووان لە کام تەمەندان؟
د. بەرهەم زەینەدین دەڵێ، شەکرەی جۆری 2، پێشتر زیاتر لە سەرووی تەمەنی 40 بۆ 45 ساڵییەوە دەردەکەوت. بەڵام مەترسییەکە ئەوەیە کە ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی قەڵەوی و گۆڕانی شێوازی ژیان، رێژەیەکی زۆر لە تووشبووە نوێیەکان گەنجن و لە تەمەنی 30 ساڵی و تەنانەت لە بیستەکانیشدا دەستنیشان دەکرێن.
پیاوان زیاتر تووش دەبن یان ئافرەتان؟
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، "لە هەرێمی کوردستان، رێژەکە تاڕادەیەک لە یەکدی نزیکە، بەڵام بە گشتی ئافرەتان کەمێک زیاتر تووش دەبن. ئەمەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی رێژەی قەڵەوی و کەمیی جووڵە لە ناو خانماندا بەهۆی هەندێک هۆکاری کۆمەڵایەتی و شێوازی ژیانی رۆژانەوە، بەراورد بە پیاوان زیاترە."



