رووداو - تەندروستی
لە سۆران خانمێک لەناکاو تووشی ئازارێکی تووند دەبێت و پزیشکان بۆیان دەردەکەوێت، کیسێکی گەورەی هێلکەدانی تەقیوە. پزیشکان نەشتەرگەریی بەپەلەیان بۆ کردووە و ژیانی لە مردن رزگار کراوە.
لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری ئەمڕۆ شەممە 18-7-2026 د. ناز محەممەد، پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون کە سەرپەرشتیی نەشتەرگەرییەکەی کردووە بە رووداوی راگەیاند، ئەوە خانمێکی 28 ساڵ بوو کە بەهۆی ئازاری تووند و رەقبوونی سکییەوە سەردانی فریاکەوتنی کرد، دڵەکوتێشی هەبووە. پاش پشکنین بۆمان دەرکەوت؛ تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی بووە.
د. ناز محەممەد دەڵێت: ئەو پزیشکە باسی ئەوەش دەکات، لەکاتی نەشتەرگەریدا بۆیان دەرکەوتووە کە تووشی تەقینی کیسی هێلکەدانی بووە و ئەوە ئەگەر دوابکەوتایە ئەوا مەترسیی جیدی لەسەر ژیانی دروستدەبوو.
ئەوەشی گوت کە ئەو خانمە رێگەی دوور بووە و هەتا گەیشتووەتە فریاکەوتن ئاوای لێ بەسەر هاتووە. هەر بۆیە رێنوێنیی خانمان دەکات، لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی لەو شێوەیە بە زووترین کات سەردانی بنکەی فریاکەوتن و پزیشکی پسپۆڕ بکەن.
کیسی هێلکەدان کێشەیەکی بەربڵاوی نێو خانمانە و چەند رێگەیەک بۆ پێشگیری لێی ئەمانەن؛
- دابەزاندنی کێش و کێشڕێکی
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- رێکخستنی کاتی خەو



