رووداو - تەندروستی پزیشکێکی وەرزش روونی دەکاتەوە، بۆچی ئازاری ئەژنۆ لە شەواندا زیاتر دەبێت و چۆن دەکرێت رێگری لە تێکچوونی خەو بکرێت. د. وێسلی بەیکەر، پسپۆڕی وەرزش لە نەخۆشخانەی کلیڤلاندی پزیشکی دەریخستووە، لە کاتی جووڵەی رۆژانەدا جومگەکان بەردەوام نەرم دەبنەوە و شلەی ناو جومگەکە دەجووڵێت، بەڵام لە شەواندا بەهۆی نەمانی جووڵە، شلەی ناو جومگەکان کەمتر دەجووڵێت و ئەوەش وادەکات ئازار و رەقبوونی جومگە زیاتر دەربکەوێت. د. وێسلی بەیکەر دەریدەخات، ئازاری ئەژنۆ لە شەواندا چەندین هۆکاری هەیە، لەوانە داخورانی جومگەکان کە بڵاوترین جۆرە. هۆکارەکانی دیکە بریتین لە وەرزشکردنی زیاد و نەخۆشی دەردەپاشا بەهۆی بەرزبوونەوەی ترشەڵۆکی یووریک، دەبنە هۆی ئازارێکی توند و لەناکاوی شەوانە. پزیشکی وەرزشەکە رێنوێنی دەدات، بۆ کەمکردنەوەی ئازار و باشترکردنی خەو، دەتوانرێت شێوازی نووستن بگۆڕدرێت لەڕێگەی دانانی سەرین لەنێوان یان ژێر ئەژنۆکان یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر جومگەکان. هەروەها، بەکارهێنانی چارەسەری سارد بۆ پێکانە نوێیەکان و چارەسەری گەرم بۆ ئازاری درێژخایەن بەسوودە. پێشنیازدەکرێت وەرزشی وەک مەلەکردن ئەنجامبدرێت بۆ بەهێزکردنی جومگەکان و دەرمانی دژەهەوکردن و ئازارشکێن دەتواندرێت بەکاربێنن، بەڵام پێویستە پێش بەکارهێنانیان راوێژ بە پزیشک بکرێت.