رووداو - تەندروستی
بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس لەبارەی ئەو هۆکارانە بوو کە دەبنە هۆی بۆنی ناخۆشی پێیەکان و بۆنی قێزەونی گۆرەوی، پاشانیش باس لە چارەسەرییەکان کرا و لە دیوێکی بەرنامەکەش چارەسەری ئارەقەکردنەوەی ژێرباڵ کرا.
گۆرەویفرۆشێک لەگەڵ پێڵاوفرۆشێک لەنێو ستۆدیۆی دکتۆر ئاراسن و بە سەدان گۆرەوی و پێڵاویان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ''ئەگەر گۆرەوی و پێڵاوەکەت ئەسڵی بوو، ئیدی رزگارت دەبێت لە بۆنی ناخۆشی پێیەکان، بەڵام بە مەرجێک...''.
کارزان جەواد لەگەڵ باوکی پێڵاو دەفرۆشێت و دەڵێت: پێڵاوەکان ئێستا زۆرینەیان لە چینەوە دێن و بەپێی خواستی کەسی داواکەر، دروستدەکرێن ئەمەش بە گوێرەی نرخی داواکراو. هەروەها ئەوەش باس دەکەن کە ئەو پێڵاوانەی ناوکەفەکەیان هەواگۆڕکێیان هەیە یاخود بە کواڵیتین، بۆن ناکەن.
حاجی هێمن، گۆرەویفرۆشە و دەڵێت: گۆرەوییەکان لە تورکیا، ئێران، چین و سووریاوە دێن، بەڵام زۆرینەیان لە چینەوە دێن و گۆرەویی باش بەوە دەناسرێتەوە کە نەرمە و بۆندارە بۆ ئەوەی هیچ بۆنێک نەکات و تێکنەچێت.
بەگوتەی حاجی هێمن: هەندێکجار فێڵ لە دروستکردنی گۆرەویدا دەکرێت و سلیکۆنی تێدەکەن بۆ ئەوەی نەرم بێت، ئەوەشی گوت: هەموو شتێکی هەرزان خراپە، هەموو شتێکی گرانیش باش نییە''.
لەنێو ستۆدیۆ کچێک لە ئارەقەی ژێرباڵ رزگاری دەبێت
د. ژوان ئەمجەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری دەڵێت: ئارەقە بۆنی نییە، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بۆنی ناخۆش دەبێت. بەکتریاکانی سەر پێست کە کارلێک لەگەڵ پێکهاتەکانی ئارەقە دەکەن، بۆنی ناخۆش دروستدەکەن.
لەبارەی پێڵاویشەوە گوتی: ئەگەر گۆرەوی مادەی نایلۆنی زیاد بوو و پێڵاویش هەواگۆڕکێی نەبوو، پێیەکان ئارەقە دەکەنەوە و بۆنی ناخۆشیان دێت.
بەگوتەی د. ژوان ئەمجەد، ئەو پێڵاوانەی چەرمی سرووشتین کەمتر بۆن دەگرن. لەبارەی دەستنوێژیشەوە پێشنیاز دەکات، قاچەکان بە باشی وشک بکرێنەوە ئینجا گۆرەوی لە پێ بکرێت، بۆ ئەوەی نەبنە سەرچاوەی گەشەکردنی بەکتریا و هەوکردن.
پسپۆڕەکەی پێست ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کاتەی زانرا ئارەقەکردنەوە زۆرە و بێزارکەرە یاخود بە رێژەیەکی زۆرە، پێویستە پزیشكی پسپۆڕ ببیندرێت و چارەسەر بکرێت کە یەکێک لەوانە بۆتۆکسە بۆ چارەسەری ئارەقەی ژێرباڵ.
''دەرزیی بۆتۆکس دەشێت بۆ ژێرباڵ بەکاربێت و ئارەقە کەم بکاتەوە، هیچ زیانێکی نییە'' کچێک بۆی کراوە و دەڵێت: ئاسوودە بووە و لە ئارەقە و بۆنی ناخۆشی ژێرباڵی رزگاری بووە.
ئەو کەسانە کێن کە نابێت چاندنەوەی برۆ بکەن؟
د. شنە عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیێنێت، چاندنەوەی برۆ کارێکی جوانکارییە و مووەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگوازرێنەوە، جا لە پشتی سەرەوە بێت یاخود جێی دیکە.
د. شنە عوسمان روونی دەکاتەوە، ئەوانەی نەخۆشیی پێست یاخود کێشەی غودەیان هەیە دەتوانن چاندنەوە بکەن بەڵام لەلای پزیشکی پسپۆڕ.
ئەو پزیشکە هۆشداری دەدات کە ئەوانەی کێشەی هۆڕمۆنییان هەیە یاخود هەوکردن لە شوێنی چاندنەوەکە هەیە، ناتوانن نەشتەرگەریی جوانکاریی چاندنەوەی برۆ بکەن.


