رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاویندا، پزیشکێکی چاو هۆشداری دەدات کە تیشکی خۆر، بە تایبەتی تیشکی سەروو وەنەوشەیی، زیانی درێژخایەن بە چاو دەگەیێنێت.
د. ئەبوبەکر زاهیر کاوانی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو، بە رووداوی گوت، "تیشکی خۆر کە تیشکی سەروو وەنەوشەیی تێدایە، لەوانەیە زیان بە پێستی دەوروبەری چاو و گلێنە بگەیێنێت و ببێتە هۆی دروستبوونی زیادە گۆشت و زیادبوون ئاوی چاو، ئەمەش کاریگەریی لەسەر تۆڕی چاو دەبێت."
بەپێی رێنوێنییەکانی ئەو پزیشکە، باشترین رێگا بۆ پاراستنی چاو لە گەرمادا ئەمانەن:
- چاویلکەی هەتاوی بەکاربهێندرێت، کە بتوانێت 100% تیشکی سەروو وەنەوشەیی بگێڕێتەوە.
- کرێکارەکان و ئەو کەسانەی زۆر لەبەر خۆر کار دەکەن، کڵاوێکی لێوار گەورە یان شەپقە لەسەر بکەن.
- لەنێوان کاژێر 10:00ی بەیانی تاوەکو 04:00ی ئێوارە، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ نەچنە دەرەوە، چونکە لەم ماوەیەدا تیشکی خۆر بەهێزترینە.
لەبارەی وشکبوونی چاو، د. ئەبوبەکر کاوانی ئاماژەی بەوە کرد، گەرمای هاوین وادەکات چاو زوو وشک ببێتەوە، بەتایبەتی کەسانی تووشبوو بە وشکبوونی چاو؛ بۆیە پێویستە ئاوی زۆر بخۆنەوە و سەوزە و خواردنی دەوڵەمەند بە ئۆمێگا 3ش بخۆن.
دەشڵێت، "ئەگەر پێویست بوو، قەترەی فرمێسکی دەستکرد لە چاو بکەن، کە مادەیەکی بێ زیانە و دەکرێ بەبێ گەڕانەوە بۆ پزیشک بەکاربهێنرێت."
لەبارەی مەلەکردن لەبەر خۆریش گوتی، "ئاوی گۆم و مەلەوانگەکان رەنگە بەکتریا، ڤایرۆس یان مادەی کیمیایی تێدابێت کە زیان بە چاو بگەیێنێت، بۆیە باشترە چاو لەژێر ئاو نەکرێتەوە و چاویلکەی پاراستنی چاو لەکاتی مەلەکردندا بەکاربهێنرێت."
د. ئەبوبەکر کاوانی هۆشداری دا لەوەی "زۆربەی زیانەکانی تیشکی خۆر، وەک زیادە گۆشت، ئاوی چاو یان کاریگەریی لەسەر تۆڕی چاو، پاش دروستبوونیان پێویستیان بە نەشتەرگەری یان چارەسەرە."



.png&w=3840&q=75)
