لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاویندا، پزیشکێکی چاو هۆشداری دەدات کە تیشکی خۆر بە تایبەتی تیشکی سەروو وەنەوشەیی زیانی درێژخایەن بە چاو دەگەیێنێت.
د. ئەبوبەکر زاهیر کاوانی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو ، بە رووداوی گوت: تیشکی خۆر کە تیشکی سەروو وەنەوشەیی تێدایە، لە وانەیە زیان بە پێستی دەوروبەری چاو و گلێنە بگەیێنێت و ببێتە هۆی دروستبوونی زیادە گۆشت و زیادبوون ئاوی چاو، ئەمەش کاریگەری لەسەر تۆڕی چاو دەبێت.
بە پێی رێنمایەکانی ئەو پزیشکە، باشترین رێگای بۆ پاراستنی چاو لە گەرمادا ئەمانەن:
- چاویلکەی هەتاوی بەکاربهێندرێت، کە بتوانێت 100٪ تیشکی سەروو وەنەوشەیی بگێڕێتەوە.
-کرێکارەکان و ئەو کەسانەی زۆر لەبەر خۆر کاردەکەن، کڵاوێکی لیوار گەورە یان شەپقە لەسەر بکەن.
- لە نێوان کاژێر 10:00ی بەیانی تاوەکو 4:00ی ئێوارە، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ نەچنە دەرەوە، چونکە لەم ماوەیەدا تیشکی خۆر بەهێزترینە.
لەبارەی وشکبوونی چاو ، د. ئەبوبەکر کاوانی ئاماژەی بەوە کرد، گەرمای هاوین وادەکات چاو زوو وشک ببێتەوە، بە تایبەتی کەسانی تووشبوو بە وشکبوونی چاو. بۆیە پێویستە ئاوی زۆر بخۆنەوە و سەوزە و خواردنی دەوڵەمەند بە ئۆمێگا 3ش بخۆن.
دەشڵێت: ئەگەر پێویست بوو، قەترەی فرمێسکی دەستکرد لەچاو بکەن، کە مادەیەکی بێزیانە و دەکرێ بەبێ گەڕانەوە بۆ پزیشک بەکاربهێنرێت.
لە بارەی مەلەکردن لەبەر خۆردا، گوتی: ئاوی گۆم و مەلەوانگەکان رەنگە بەکتریا، ڤایرۆس یان مادەی کیمیایی تێدابێت کە زیان بە چاو بگەیێنێت، بۆیە باشترە چاو لە ژێر ئاو نەکرێتەوە و چاویلکە پاراستنی چاو لە کاتی مەلەکردندا بە کاربهێنرێت.
د.ئەبوبەکر کاوانی هۆشداری دا و گوتی: "زۆربەی زیانەکانی تیشکی خۆر، وەک زیادە گۆشت، ئاوی چاو یان کاریگەری لەسەر تۆڕی چاو، پاش دروستبوونیان پێویستیان بە نەشتەرگەری یان چارەسەرە."
ئامادەکردنی:
بەناز فازڵ

.png&w=3840&q=75)

