رووداو دیجیتاڵ
زۆربەمان کاتێک دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی ئاوابوونی خۆر دەبینین، یەکەم کار کە دەیکەین دەرهێنانی مۆبایلەکانمانە بۆ چرکاندنی وێنەیەک، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن، کە سوودی ئەو ساتە زۆر لە وێنەیەکی سەرنجڕاکێش زیاترە، ئەوە ژەمە دەرمانێکی سرووشتییە بۆ مێشک، خەو و تەنانەت رەفتارە کۆمەڵایەتییەکانیشمان.
بەگوێرەی راپۆرتێکی زانستی کە لەسەر بنەمای چەندین توێژینەوەی دەروونی و بایۆلۆژی ئامادەکراوە، بینینی ئاوابوون و هەڵاتنی خۆر تەنها چێژبەخش نییە، بەڵکو کاریگەریی قووڵی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.
لێرەدا گرنگترین ئەو سوودانە دەخەینەڕوو:
1. هەستی "سەرسوڕمان" و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ
دکتۆر میشێل شۆتا، پرۆفیسۆری دەروونناسی لە زانکۆی ئەریزۆنا دەڵێت، ئاوابوونی خۆر هەستێک لای مرۆڤ دروست دەکات کە پێی دەگوترێت "سەرسوڕمانی مەزن" ئەم هەستە وادەکات مرۆڤ بۆ ساتێک هەست بکات کێشە و خەمە کەسییەکانی لە ئاست گەورەیی گەردووندا زۆر بچووکن. ئەم گۆڕانکارییە لە دیدگادا، بازنە نەرێنییەکانی ناو مێشک دەشکێنێت و دڵەڕاوکێ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
2. بەهێزکردنی یادەوەری و داهێنان
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو کەسانەی لەبەردەم دیمەنە سروشتییە سەرسوڕهێنەرەکاندان، توانای کۆکردنەوەی زانیاری و بەهێزبوونی یادەوەرییان زیاتر دەبێت. لە تاقیکردنەوەیەکدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی سەیری دیمەنە سروشتییەکان دەکەن، دواتر لە تاقیکردنەوەکانی یادەوەریدا ئەنجامی زۆر باشتریان هەبووە لەوانەی کە تەنها سەیری دیمەنی دەستکردیان کردووە.
3. رێکخستنی خەو و کاتژمێری بایۆلۆژی
بینینی گۆڕانی رەنگی ئاسمان لە شینەوە بۆ سوور و ئاڵتونی، سیگناڵێکی راستەوخۆیە بۆ مێشک. مارینا فیگیێرۆ، پرۆفیسۆر لە قوتابخانەی پزیشکی "ئایکان"، روونیدەکاتەوە کە ئەم رووناکییە سروشتییە یارمەتی رێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆژی جەستە دەدات. رەنگە گەرمەکانی ئاوابوون هانی دەردانی هۆرمۆنی "مێلاتۆنین" دەدەن و ئاستی "کۆرتیزۆڵ" (هۆرمۆنی سترێس) کەمدەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی خەوێکی قووڵ و ئارام.
4. پاراستنی جەستە لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان
یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین دۆزینەوەکان ئەوەیە کە هەستی "سەرسوڕمان" لە سرووشتدا، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ماددەی "سایتۆکاین - Cytokines" لە جەستەدا. بەرزبوونەوەی ئەم ماددەیە پەیوەندی راستەوخۆی بە هەوکردن، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە و خەمۆکییەوە هەیە. کەواتە ئاوابوونی خۆر دەتوانێت وەک قەڵغانێک بێت بۆ پاراستنی جەستە.
5. دەبیتە کەسێکی میهرەبانتر
زانست دەڵێت سەیری خۆرئاوابوون بکە تاوەکو باشتر بیت لەگەڵ دەوروبەرت! توێژینەوەیەکی زانکۆی تۆرۆنتۆ دەریخستووە ئەو کەسانەی زیاتر لەبەردەم دیمەنە سروشتییە مەزنەکاندان، زیاتر ئارەزووی کاری خۆبەخشی دەکەن و لەگەڵ خەڵکی دەوروبەریان میهرەبانترن، چونکە ئەو هەستە وایان لێدەکات زیاتر هەست بە پەیوەندی بە مرۆڤایەتییەوە بکەن.
ئامۆژگاری زانایان:
ئەگەر ناتوانیت هەموو رۆژێک سەیری هەڵاتن و ئاوابوونی خۆر بکەیت، هەوڵبدە هەفتانە لانی کەم چەند جارێک کاتێک بۆ بینینی ئەو دیمەنانە تەرخان بکەیت و بۆ ساتێک مۆبایلەکەت وەلا بنێیت، چونکە مێشکی مرۆڤ بۆ ئەوە دیزاین کراوە کە "هەڵاتن و ئاوابوونی خۆر" وەک دوو بەرگی کتێب بۆ رۆژەکەی بەکاربهێنێت.



