رووداو-تەندروستی توێژینەوەیەک زانکۆی نۆرسوێستەرن لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات، رەنگە ئەو پشکنینەی ملیۆنان کەس بۆ کۆلیسترۆڵ دەیکەن، باشترین بژاردە نەبێت، جۆرێکی دیکەی پشکنین زۆر باشترە بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی کە مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و مێشک هەیە. زانکۆ ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات کە پشکنینی "ئەپۆلیپۆپرۆتین بی" (apoB) کاریگەرترە لە پشکنینەکانی کۆلیسترۆڵی LDL یان non-HDL بۆ بڕیاردان لەسەر چارەسەری دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ، لەوانەش ستاتین و دەرمانەکانی دیکە. د. سیاران کۆلی لینچ، سەرپەرشتی سەرەکی توێژینەوەکە لە زانکۆی نۆرسوێستەرن، گوتی: " پشکنینی apoB کە پشکنینی خوێنە بۆ چارەسەری دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ، رێگری لە جەڵتەی دڵ و مێشکی زیاتر دەکات بە بەراورد بە پشکنینەکانی دیکە." بە پێچەوانەی پشکنینە ستانداردەکانی کۆلیسترۆڵەوە، apoB ژمارەی ئەو گەردیلانە دەپێوێت کە کۆلیسترۆڵ هەڵدەگرن و دەتوانن ببنە هۆی دروستبوونی کۆبوونەوەی چەوری، کۆلیسترۆڵ و ماددەی دیکە لەنێو خوێنبەرەکاندا، د. سیاران کۆلی دەڵێن ئەمە وای لێدەکات کە نیشاندەرێکی راستەوخۆتری مەترسییەکانی سەر دڵ و خوێنبەرەکان بێت.