رووداو - تەندروستی
لە سلێمانی گرێیەکی گەورەی 20 سانیتمەتری لە منداڵدانی خانمێکی گەنجدا دەردەهێندرێت و ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە دەڵێت: نەمانهێشت نەخۆشەکە نەزۆک بێت و بە سەلامەتی منداڵدانەکەی پاک کراوەتەوە.
نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێرکاریی سلێمانی بووە و ئەمڕۆ دووشەممە 6-7-2026 د. سۆما تاهیر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون بە رووداوی راگەیاند، ئەو گرێیە وایکردبوو کە خانمەکە بەو گەنجییەوە توانای منداڵبوونی نەبێت، چونکە ئەوە خانمێکی 25 ساڵ بوو.
د. سۆما تاهیر روونی دەکاتەوە، ئەو خانمە بە یەکەم منداڵی دووگیان بووە، بەڵام لەباریچووە، لەبەر ئەوەی ئەو گرێ گەورەیەی منداڵدانی هەبووە.
ئەوەشی باس کرد کە نیشانەکانی کیسی هێلکەدان لەگەڵ گرێی منداڵدان جیاوازن و گرێیەکە زیاتر سکئاوسانی لەگەڵە و پیساییکردن زەحمەتە.



