رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 40 قەرەوێڵەیی لە ناحیەی باتیفای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک بەردەوامە. پڕۆژەکە بە گوژمەی 4 ملیار و 567 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێ و بڕیارە لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا تەواو بێت و بکەوێتە خزمەتی هاونیشتمانییان.
وەلات عادل، گوتەبێژی قایمقامیەتیی باتیفا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی سنوورەکە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 40 قەرەوێڵەییە بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانی ناحیەی باتیفا و دەوروبەری."
پێنج ساڵ لەمەوبەر باتیفا کرایە ناحیە. ئێستا، بنکەی تەندروستیی باتیفا تاوەکو کاژێر 10:00ی شەو کراوەیە، ئەمەش کێشەی بۆ دانیشتووانی سنوورەکە لە کاتەکانی درەنگانی شەودا دروستکردووە.
گوتەبێژی قایمقامیەتیی باتیفا گوتی، "نەخۆشخانە نوێیەکە لە سێ نهۆم پێکدێ و چەندین بەشی گرنگ لەخۆدەگرێ، لەوانە بەشی فریاکەوتن، ژووری نەشتەرگەری، بەشی تیشک، کارگەیەکی ئۆکسجین و پێنج کلینیکی پزیشکی."
بە گوتەی وەلات عادل، نزیکەی 70%ی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە و "ئەگەر هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نەیەتە پێش، لە مانگی 9ـی ئەم ساڵدا دەکەوێتە خزمەت دانیشتووانی باتیفا و دەوروبەری."



