رووداو- تەندروستی توێژینەوەیەک لە دانیمارک دەریخستووە ئەو گەنجانەی شەوانە باشتر و زیاتر دەخەون، رۆژی دواتر ئاستی شەکر لە خوێنیاندا جێگیرترە و کەمتر بەرز و نزم دەکات. توێژەران لە زانکۆی کۆپنهاگن لە دانیمارک، بۆ ماوەی دوو هەفتە چاودێریی 206 گەنجی تەمەن 18 ساڵییان کردووە، بەشداربووان کاژێری زیرەکیان بۆ پشکنینی جووڵە و خەو لەدەستکردبوو، لەگەڵ ئامێری پێوانەکردنی بەردەوامی شەکرەی خوێن، دەرکەوت لەو رۆژانەی کە بەشداربووان خەوێکی درێژتریان هەبوو، رۆژی دواتر ئاستی شەکرەی خوێنیان جێگیرتر بووە و کەمتر تووشی بەرزبوونەوەی لەناکاوی شەکری خوێن دەبوون. د. دەیڤید هۆرنەر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی کۆپنهاگن دەڵێت: "هەرچەندە ئاستی شەکری خوێنی بەشداربووان لە رۆژدا جێگیرتر بووایە، شەوی دواتر خەوێکی درێژتریان دەکرد، ئەمە پەیوەندییەکی دوولایەنەیە و شتێکی نوێیە." د. دەیڤید هۆرنەر، ئاماژە بەوەدەکات " ئەمە لەوانەیە سوودبەخش بێت، چونکە کەمێک بەرزبوونەوەی شەکرەی خوێن لە بەیانیاندا یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردنی شیرینی و بەمەش یارمەتیی جێگیربوونی شەکرەی خوێن دەدات بەدرێژایی رۆژ."