رووداو- تەندروستی
دەزگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) بەکارهێنانی چارەسەرێکی بۆماوەیی نوێی بە ناوی "کاسجێڤی" (Casgevy) بۆ منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشییە بۆماوەییەکانی خوێن، لەنێویاندا نەخۆشیی سیلولی داسی (sickle cell disease) و بێتا تالاسیما، پەسەند کرد.
ئەم چارەسەرە کە لەلایەن کۆمپانیای "ڤێرتێکس"ەوە بەرهەمهێنراوە، یەکەم چارەسەری بۆماوەییە کە بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 12 ساڵان پەسەند دەکرێت و دەتوانرێت بۆ منداڵانی تەمەن دوو ساڵانیش بەکاربهێنرێت.
کاسجێڤی، چارەسەرێکی یەکجارەکییە و لە خانە قەدییەکانی خوێنی نەخۆشەکە خۆی دروست دەکرێت، پێشتر ئەم دەرمانە بۆ نەخۆشانی تەمەن 12 ساڵ و سەرووتر پەسەند کرابوو.
نەخۆشیی سیلولی داسی، نەخۆشییەکی بۆماوەییە کە تێیدا خڕۆکە سوورەکانی خوێن شێوەی داس وەردەگرن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆر و رێگری لە گەیشتنی ئۆکسجین بە شانەکانی لەش دەکات.
چارەسەرەکانی دیکەی درێژخایەن بۆ نەخۆشیی سیلولی داسی بریتین لە چاندنی مۆخی ئێسک، کە پێویستی بە بەخشەری گونجاو هەیە، هەروەها دەرمانی کیمیایی "هایدرۆکسیی یوریا".

