رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار رایدەگەیێنێت، لەم دواییانەدا زیادبوونی قوربانییانی بۆتۆکس زۆر دەبیندرێت کە بەهۆی تێخستنی ژەهری بۆتۆلینیۆم (بۆتۆکس)ـەوە وایان لێهاتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1-7-2026 د. ئەحمەد کاوە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار بە رووداوی راگەیاند، نیشانەکانی ژەهراویبوون بە ژەهری بۆتۆکس دوای تێداخستنی دەردەکەون و بە گشتی هێرش دەکاتە سەر سیستمی دەماری کە نیشانە سەرەتاییەکانی ئەمانەن؛
- داکەوتنی چاو
- بینینی شتەکان بە دووان
- تارمایی بینین
- قورسبوونی قسەکردن
- قورسبوونی قووتدان
- وشکیی دەم
هۆکارەکان باس دەکات وەکو؛
+ بەکارهێنانی بڕێ زۆری بۆتۆکس کە زیاتر بێت لە 400 یەکەی نێودەوڵەتی
+ بەکارهێنانی بەرهەمی نافەرمی، ساختە و رێگەپێنەدراو (قاچاخ)
+ ئەنجامدانی بۆتۆکسەکە لەلایەن کەسانی ناشارەزا و بێ ئەزموون
لەکۆتاییشدا پێشنیاز دەکات؛
1- بەهێزکردنی چاودێریی یاسایی لەسەر هاوردەکردن و دابەشکردنی بۆتۆکس.
2- کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری چاودێریکردن لەسەر بەرهەمە قاچاخ و ساختەکان.
3- دانانی سیستمی پەسندکردن و راهێنان بۆ پزیشکان و کارمەندان بەتایبەت ئەوانەی بۆتکس دەکەن.
4- بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەنێوان پزیشکان دەربارەی ناسینەوەی زوو و چارەسەرکردنی بۆتۆڵیزم.



