رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە کەنەدا دەریخستووە، کریاتین کە یەکێکە لە تەواوکەرە خۆراکییە باوەکان بۆ دروستکردنی ماسوولکە، رەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکی.
توێژەران لە زانکۆی ئۆتاوا شیکارییان بۆ ئاماری 5 توێژینەوەی پێشووتر کردووە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی رۆژانە 5 گرام کریاتینیان لەگەڵ دەرمانی دژەخەمۆکی وەرگرتووە، دوای 8 هەفتە باشتربوونی زیاتریان بەخۆوە بینیوە.
د. باسام جێریوس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی ئۆتاوا، رایگەیاند: "کریاتین یارمەتیی مێشک دەدات بۆ بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی وزە، هەروەها رەنگە کاریگەریی لەسەر گەیێنەرە دەمارییەکانی وەک دۆپامین و سیرۆتۆنین هەبێت کە زۆربەی دەرمانەکانی دژەخەمۆکی کاریان لەسەر دەکەن."
د. باسام جێریوس ئاماژە بەوەدەکات "پێویستە کریاتین وەک چارەسەرێکی پاڵپشتی بەهێز سەیر بکرێت، نەک وەک جێگرەوەی چارەسەری دەروونی، دەرمانی دژەخەمۆکی، وەرزشکردنی رێک و خەوی تەندروست."



