رووداو دیجیتاڵ
کەرتی تەندروستی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەتەوە، کە ئەویش کەمیی دەرمان و بەرزبوونەوەی نرخە. ئەم کێشەیە تەنیا دەرمانی دەگمەن ناگرێتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە دەرمانە سەرەتاییەکانی وەک ئەنتی بایۆتیک و دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
کەمیی مادەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان
ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە 97٪ی دەرمانەکانی لە نێوخۆ بەرهەم دەهێنێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە دەبێ نزیکەی 50٪ تا 60٪ی مادە سەرەتاییەکان بۆ دروستکردنی ئەو دەرمانانە لە دەرەوە هاوردە بکرێن. بەهۆی کەمیی دراوی بیانی، کارگەکانی ناوخۆ ناتوانن بە تەواوی توانای خۆیان بە کاربهێنن.
گوتەبێژی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی ئێران هۆشداری لە دۆخی دەرمان دەدات و دەڵێ، سەرەڕای تەرخانکردنی بودجەی زۆر و دۆلاری پاڵپشتیکراو، هێشتا بازاڕی دەرمان لە قەیرانێکی قووڵدایە و گومانی گەندەڵی لە دابەشکردنی بودجەدا هەیە.
سەلمان ئیسحاقی، گوتەبێژی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "ئێستا نزیکەی 560 جۆر دەرمان کەم دەست دەکەون و 180 جۆری دیکەش لە دۆخێکی خراپدان، بە جۆرێک کە دەستناکەون".
سەلمان ئیسحاقی گوتی، "ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە حکومەت دۆلار بە نرخی پاڵپشتیکراو (28 هەزار و 500 تمەن) بۆ هاوردەکردنی دەرمانی تەرخان کردووە، بەڵام نە نرخ دابەزیوە و نە دەرمانیش لە بازاڕدا دەستدەکەوێ."
هاوکات رووحوڵڵا لەک عەلی ئابادی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەرلەمان گوتی، یەک ملیار دۆلار لە سندووقی گەشەپێدانی نیشتمانی بۆ کەرتی دەرمان دەرهێنراوە، بەڵام چارەنووسی 700 ملیۆن دۆلاری نادیارە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "پیام ما"، تێکچوونی ئەم دواییەی تۆڕی بانکیی ئێران، نەک تەنیا پرۆسەی چارەسەری نەخۆش و دابینکردنی دەرمانی پەکخستووە، بەڵکو بووەتەهۆی ئەوەی تەنانەت تەرمی مردووەکانیش لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان بەهۆی کێشەی پارەدانەوە رادەست نەکرێنەوە. ئەم گرفتە بانکییانە وایانکردووە خەڵک لە کاتی سەردانی نەخۆشخانە و دەرمانخانەکاندا تووشی سەرلێشێواوی ببن.
دەنگۆی هەبوونی گەندەڵی لە وەزارەتی تەندروستی
کاتێک دەرمان لە دەرمانخانە فەرمییەکان دەستناکەوێ، نەخۆش ناچارە پەنا بۆ بازاڕی رەش ببات. لەوێ، دەرمان بە چەندین هێندەی نرخی فەرمی دەفرۆشرێ، جگە لەوەی بەشێک لەو دەرمانانە رێککەوتی بەکارهێنانیان بەسەرچووە یان بە شێوەیەکی ناتەندروست کۆگا کراون.
سەلمان ئیسحاقی گوتی هەوڵ دەدەن چارەسەرێک بۆ دۆخەکە بدۆزنەوە و رایگەیاند، لیستی ئەو کۆمپانیایانەی دۆلاری حکومییان بۆ هاوردەکردنی دەرمان وەرگرتووە، دەدرێتە رێکخراوی چاودێریی گشتی بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە "واژۆی زێڕین" (رێگەخۆشکردن بۆ گەندەڵی) لە ناو وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی دەرماندا بکرێ.
هەروەها باسی لەوەش کرد کە چەندین کەرەستەی پزیشکیی ستراتیژی وەک MRI و CT Scan لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان و بەپێی "پەیوەندیی تایبەت" دابەشکراون، لە کاتێکدا کەرەستە سەرەتاییەکانی دەرمان لە گومرگەکاندا ماونەتەوە و رێگری لە دەرچوونیان دەکرێ، ئەمەش زنجیرەی دابینکردنی تەندروستیی لە وڵاتدا تووشی شۆک کردووە.
.jpeg&w=3840&q=75)


