رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە دەرکرد کە بۆ لەباربردنی کۆرپەلە بەکاردێن و دەڵێ، فرۆشتنی ئەو دەرمانانە بێ رەچەتەی پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان قەدەخەیە و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکار دەگیرێتەبەر.
رۆژی سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، دکتۆر رەسووڵ عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو دەرمانێک بەو شێوەیەیە کە بێ رەزامەندی پزیشک ناتوانرێ بفرۆشرێ، بەڵام ئەو دەرمانانەی لە نووسراوە نوێیەکەی وەزارەتی تەندروستیدا ئاماژەیان پێکراوە، مەترسیدارن و ناتوانرێ بێ رێنمایی بدرێنە کەس، چونکە بۆ لەباربردنی کۆرپەلە بەکاردێن."
دکتۆر رەسووڵ عەبدولخالق ئاماژەی بە زنجیرەی گەیشتنی ئەو دەرمانانە کرد و گوتی، "پێویستە کۆمپانیاکان کاتێک ئەو دەرمانانە دەهێنن، تەنیا بە کۆگا فەرمییەکانیان بفرۆشن، ئەوانیش بە دەرمانخانە فەرمییەکان، دەرمانخانەکانیش نابێت بە هیچ شێوەیەک بێ نووسراو و رێنمایی پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان بیانفرۆشن. هەموو قۆناخەکانی هێنان تاوەکو فرۆشتنی ئەو دەرمانانە دەبێت تۆمار بکرێ بۆ ئەوەی بزانرێ ئەو بڕەی هێنراوە چۆن و بە کێ فرۆشراوە."
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە رۆژی 10-05-2026 بە واژۆی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی دەرچووە و ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی و سەندیکاکانی پزیشکان، دەرمانسازان و کارمەندان کراوە، باس لەوە کراوە کە لەبەر بەرژەوەندی گشتی، دەبێت بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە سنووردار بکرێت.
لە نووسراوەکەدا ناوی چەند دەرمانێک هاتووە کە بریتین لە (Mifepristone, Misoprostol, Dinoprostone, Carboprost, Methotrexate, Oxytocin, Ergometrine) و حەبی رێگریی دووگیانی بە ژەمی بەرز، کە نابێت لە دەرمانخانەکان بێ رەچەتەی پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان خەرج بکرێن.
وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەداتە کۆمپانیا و کۆگاکان کە نابێت ئەو دەرمانانە بدەنە هیچ شوێنێکی نافەرمی، بەپێچەوانەوە بەرپرسیارێتییەکی هەستیار دەکەوێتە ئەستۆیان و رووبەڕووی تووندترین رێکاری یاسایی دەبنەوە.


.jpeg&w=3840&q=75)
