رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی کۆیە ئاگاداری خاوەن فرۆشگەکان دەکاتەوە کە دانانی سێتی ئاو و خواردنەوە گازییەکان لە دەرەوەی فرۆشگەکان قەدەخەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە 30-6-2026 تەندروستیی کۆیە رایگەیاند، گەرمای بەردەوام کواڵیتیی ئەم بەرهەمانە خراپ دەکات و دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر تەندروستیی بەکارهێنەران.
هەر بۆیە داوا لە خاوەن فرۆشگەکان دەکرێت، ئەم بەرهەمانە لە شوێنی سارد و نێو فرۆشگەکان هەڵبگرن، بۆ پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانییان.
رۆزا دلێر، پسپۆڕی زانستی خۆراک بە رووداوی گوتووە، هەر خۆراکێک لە پلەی گەرمیی بەرز یاخود لەبەر خۆر دانرا کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی دروستدەکات و ئەگەری ژەهراویبوونی خۆراکەکە زیاد دەکات.
لەبارەی بتڵە پلاستیکییەکانی ئاو رۆزا دلێر دەڵێت: ئەو هێمایەی لەسەر پلاستیکی بتڵەکاندا هەیە ئاماژە بە جۆر و شێوازی هەڵگرتنی بەرهەمەکە دەکات، بەجۆرێک کە دەبێت یەکجار بەکاربهێندرێت و لە پلەی گەرمیی بەرز و بەفرگردا هەڵنەگیرێت.
لە هەرێمی کوردستان بەبێ رەچاوکردنی پلەی گەرمیی گونجاو بەشێک لە فرۆشگەکان خۆراک و بەرهەمەکانیان لە دەرەوە دادەنێن، بەشێکی دیکەی فرۆشیارانیش لەبەرخۆر ئاوی کانزایی و مادە خۆراکییەکانیان دەفرۆشن.

