رووداو- تەندروستی
هەر مرۆڤێک لەسەر ئەم زەویە، جگە لە دووانەکان خاوەنی کۆدێکی بۆماوەیی (جێنەتیک) تایبەت بە خۆیەتی، ئەم جیاوازییە وردانە، کە بە جیاوازیی بۆماوەیی ناسراوە، تەنیا ئەوە نییە کە رەنگی چاو و قژمان دیاری دەکات، بەڵکو کلیلی تێگەیشتنە لە تەندروستیمان، مێژوومان و ئەو نەخۆشییانەی کە رووبەڕوومان دەبنەوە.
ئایا جینی مرۆڤ گۆڕانکاری لێبەسەردێت؟
جینی مرۆڤ گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەم گۆڕانکارییانە دەکرێت بەهۆی هۆکارە سروشتییەکان، ژینگەییەکان، یان دەستێوەردانی زانستییەوە بن، بەگێورەی زانستی بۆماوەیی دوو رێگە مرۆڤ کاریگەریی دەکاتە سەر بۆماوەیی خۆی:
1- گۆڕانکاری ئێپیجێنێتیک
ئەگەر DNA کتێبی رێنمایی جەستەت بێت، ئەوا ئێپیجێنێتیک ئەو قەڵەمەیە کە هەندێک دێڕ دەسڕێتەوە یان هەندێک دێڕ رەنگ دەکات بۆ ئەوەی زیاتر بخوێنرێتەوە.
- وێناکردنی ئێپیجێنێتیک
بیهێنە بەرچاوت دوو کۆمپیوتەرت هەیە کە تەواو وەک یەکن وەک "دووانە لێکچووەکان"، هەردووکیان هەمان "هاردوێر" (DNA)یان هەیە، بەڵام لە یەکێکیاندا بەرنامەی وەرزشی و تەندروستی دابەزێنراوە، لەوەی دیکەدا تەنیا یاری و بەرنامەی قورس، شێوازی کارکردنی ئەم دوو کۆمپیوتەرە دەگۆڕێت هەرچەندە پارچەکانی ناوەوەیان وەک یەکە.
ئێپیجێنێتیک واتە: گۆڕینی "سۆفتوێرەکەت" بەبێ ئەوەی دەستکاری "هاردوێرەکە" کۆدە جینییەکە بکەیت.
جوانیی ئێپیجێنێتیک لەوەدایە کە بەدەست خۆتە، زۆرینەی گۆڕانکارییەکان لەژێر کاریگەری ئەمانەدان:
1- خۆراک: بۆ نموونە، مادەی "سولفۆرافان" کە لە برۆکۆلیدا هەیە، جینی دژە شێرپەنجە چالاک بکات.
2- وەرزش: وەرزشکردن "نیشانە کیمیاییەکان" لەسەر ئەو جینانە دەگۆڕێت کە بەرپرسن لە سووتاندنی چەوری و بەهێزکردنی دڵ.
3- گوشاری دەروونی و سۆز: توێژینەوەکان دەریانخستووە کە میهرەبانی دایک بۆ کۆرپەکەی، گۆڕانکاری ئێپیجێنێتیک لە مێشکی منداڵەکەدا دروست دەکات کە وای لێدەکات لە گەورەبووندا کەمتر تووشی دڵەڕاوکێ ببێت.
4- ژەهرەکان: جگەرەکێشان و پیسبوونی هەوا نیشانەی "خراپ" دەخەنە سەر جینەکان کە رەنگە ببێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەن.
د. برایان دیاس لە زانکۆی ئیمۆری لە ئەمریکا تاقیکردنەوەی لەسەر مشک کرد مشکێکی هێنا هەرکاتێک بۆنی "گوڵی گێلاس"ی بڵاودەکردەوە کارەبای لێدەدا، بەڵام کاریگەریی ئەم ترسە تەنیا لەسەر مشکەکە نەماوەتەوە بەڵکو بینیویانە کە نەوەکانی ئەو مشکە و تەنانەت نەوەی نەوەکانیشیان هەر کە بۆنی گوڵی گێلاسیان کردووە ترساون، هەرچەندە هەرگیز تووشی شۆکی کارەبایی نەبوون!.
مانای چییە؟ واتە ئەو گۆڕانکارییە ئێپیجێنێتیکییانەی بەهۆی "ترس" یان "خۆراک" یان "تراوما" لە سپێرمدا دروست دەبن، دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر منداڵەکان.
2- گۆڕانکاری لە رێگەی "دەستکاری جینی" (CRISPR-Cas9)
تا ساڵی 2012، گۆڕینی جیناتی مرۆڤ کارێکی زۆر گران و پڕ لە هەڵە بوو، د. ئیمانوێل شارپێنتیێ و د. جێنیفر داودنا دوو زانای کیمیان سەیری سیستمێکی بەرگری کۆنی "بەکتریا"یان کرد، تێبینییان کرد کە بەکتریا کاتێک ڤایرۆس هێرشی بۆ دەهێنێت، پارچەیەک لە DNAی ڤایرۆسەکە دەبڕێت و لای خۆی هەڵیدەگرێت وەک "ناسنامە"، بۆ ئەوەی ئەگەر جارێکی تر هێرشی کردەوە، بزانێت چۆن بینووسێت و لەناوی ببات.
ئەم دوو زانایە توانییان ئەم "سیستمە بەرگرییە سروشتییەی بەکتریا" بگۆڕن بۆ ئامرازێکی تاقیگەیی ورد کە بتوانرێت لەسەر هەموو زیندەوەرێک (روەک، ئاژەڵ و مرۆڤ) بەکاربهێنرێت بۆ "دەستکاریکردنی کۆدەکان".
چۆن کار دەکات؟
- رێنیشاندەر (Guide RNA): وەک "GPS" وایە، زاناکان رێڕەوێکی بۆ دیاری دەکەن کە بڕوات تەنها بۆ لای ئەو "کۆدە جینییە" دیاریکراوەی کە نەخۆشییەکەی تێدایە.
- ئەنزیمی Cas9: ئەمە "مەقەستەکەیە"، کاتێک GPSەکە شوێنە تێکچووەکەی دۆزییەوە، ئەم ئەنزیمە دێت و ئەو پارچە DNAیە دەبڕێت.
- چاککردنەوە: دوای بڕینەکە، خانەکە هەوڵدەدات خۆی چاک بکاتەوە، لەو کاتەدا زاناکان دەتوانن:
- جینە خراپەکە پەکبخەن بۆ نموونە جینی شێرپەنجە، یان پارچەیەکی "تەندروست" بخەنە شوێنە بڕاوەکە بۆ ئەوەی خانەکە لەسەر ئەو پارچە نوێیە خۆی بنیاد بنێتەوە.
لە ساڵی 2020، بەهۆی ئەم دۆزینەوەیەوە، هەردوو زاناکە خەڵاتی نۆبڵی کیمیایان وەرگرت، ئەمە یەکەمجار بوو لە مێژوودا دوو خانم بەیەکەوە ئەو خەڵاتە ببەنەوە.
ئێستا بەهۆی ئەم دۆزینەوەیەوە، زاناکان دەتوانن لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئەوە بکەن کە پێشتر دەیان ساڵی پێویست بوو، بۆ نموونە ئێستا بۆ چارەسەری جۆرێکی کەمخوێنی کە بە داسە ناسراوە (Sickle Cell Anemia) و هەندێک جۆری نابینایی زگماکی بەکاردەهێنرێت و ئەنجامی سەرسوڕهێنەری هەبووە.


