رووداو- تەندروستی
توێژەران لە ئوسترالیا، یەکەمین تاقیکردنەوەی کلینیکییان لەسەر مرۆڤ بۆ چارەسەرێکی نوێی نەخۆشیی هەوکردنی تۆڕەی چاوی پیگمێنتی (retinitis pigmentosa) ئەنجامداوە، کە هیوایەکی نوێی بۆ گەڕاندنەوەی بینایی لە قۆناخە درەنگەکانی نەخۆشییەکەدا دروستکردووە.
توێژەران لە زانکۆی ئەدێلاید لە ئوسترالیا لە تاقیکردنەوەکەدا دەرمانێکیان بەناوی "فۆتۆسویچ" بەشێوەی دەرزی بۆ چاوی بەشداربووان بەکارهێنا، دەرکەوتووە کە ئەم دەرمانە هەستەوەری خانە زیانپێگەیشتووەکانی تۆڕەی چاوی بۆ رووناکی گەڕاندووەتەوە، تەنانەت دوای لەناوچوونی خانە ئاساییەکانی هەستەوەر بە رووناکی.
پرۆفیسۆر د. رۆبێرت کاسۆن، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە لە زانکۆی ئەدێلاید، رایگەیاند: "ئەمە یەکەم تاقیکردنەوەی کلینیکیی دەرمانی فۆتۆسویچە لەسەر مرۆڤ، بەپێچەوانەی چارەسەرە بۆماوەییەکان کە تەنیا بۆ بازدانە بۆماوەییە دیاریکراوەکان بەکاردێن، ئەم رێگەچارەیە دەکرێت بۆ چارەسەری جۆرە جیاوازەکانی پوکانەوەی تۆڕەی چاو سوودی لێوەربگیرێت."
پرۆفیسۆر د. رۆبێرت کاسۆن، گوتی: "بۆمان دەرکەوت کە چارەسەرەکە هیچ زیانێکی لاوەکیی مەترسیداری نەبووە، هەروەها ئاماژەی سەرەتاییمان بینی کە دەریدەخەن دەرمانەکە کاریگەریی بایۆلۆژی هەبووە، وێنەگرتنی مێشکیش چالاکبوونی ناوچە بیناییەکانی دوای چارەسەرەکە نیشانداوە."
نەخۆشیی هەوکردنی تۆڕەی چاوی پیگمێنتی، نەخۆشییەکی بۆماوەییە کە خانەکانی هەستەوەر بە رووناکی لە تۆڕەی چاودا لەکاردەخات و دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینایی بەتێپەڕبوونی کات، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێک بۆ ئەم نەخۆشییە نییە.

