رووداو- تەندروستی
دادگەی کارگێڕی لە هەولێر و ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان، سکاڵایەکی سەندیکای پزیشکانی ددانیان رەتکردەوە کە دژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تۆماری کردبوو، سەبارەت بە کردنەوەی ژمارەیەکی زۆری کۆلێژی پزیشکیی ددانی تایبەت و وەرگرتنی رێژەیەکی زۆری خوێندکار.
سەندیکای پزیشکانی ددان لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەپێی یاسای زانکۆ تایبەتەکان، بڕیار لەسەر کردنەوەی کۆلێژ و بەشەکان دەدات بەپێی پێویستیی بازاڕی کار، بەڵام سەرباری بوونی ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی پزیشکی ددان کە لە پێویستیی بازاڕ زیاترە، وەزارەت بەردەوامە لە کردنەوەی کۆلێژی نوێ، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی کواڵیتیی خوێندن و نەبوونی هەلی کار بۆ دەرچووان.
سەندیکاکە داوای لە دادگە کردبوو کە وەزارەتی خوێندنی باڵا پابەند بکات بە دەرکردنی فەرمانێک بۆ راگرتنی وەرگرتن لە سەرجەم کۆلێژەکانی پزیشکیی ددان لە زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام دادگەی کارگێڕی لە هەولێر سکاڵاکەی رەتکردەوە بە بیانووی "نەبوونی شوێنی یاسایی لە داواکەدا".
دوای تانە لێدانی سەندیکا لە بڕیارەکە، دەستەی گشتیی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان، بڕیاری دادگەی کارگێڕیی پەسەند کرد و جارێکی دیکە سکاڵاکەی رەتکردەوە، بەو پێیەی بڕیارەکەی دادگەی کارگێڕی "دروست و گونجاو بووە لەگەڵ یاسادا".
سەندیکای پزیشکانی ددان لە راگەیێندراوێکدا بۆ ئەندامەکانی، ئاشکرای کردووە کە لە ساڵی 2015ـەوە دامەزراندنی پزیشکانی ددان راگیراوە و زیاتر لە نیوەی ئەندامەکانیان بێکارن، بەڵام سەرباری هەوڵەکانیان، هەردوو دادگەی کارگێڕی و ئەنجوومەنی شوورا سکاڵاکەیان رەتکردووەتەوە.


