رووداو- تەندروستی توێژینەوەیەک لە ئەمریکا رێگەیەکی نوێی چارەسەرکردنی گلیۆبلاستۆما ئاشکرا دەکات، کە جۆرێکی تووند و کوشندەی شێرپەنجەی مێشکە و چارەسەرکردنی زۆر سەختە. توێژەران لە سەنتەری شێرپەنجەی کلیڤلاند کلینیک لە ئەمریکا، مادەیەکی نوێیان بەکارهێناوە بە ناوی نایترۆسیلکۆبالامین (NO-Cbl) کە شێوازێکی گۆڕدراوی ڤیتامین B12ـە، ئەم مادەیە ئۆکسیدی نایتریک دەردەدات و توانای هەیە لە بەربەستی مێشک (BBB) تێپەڕێت و بە شێوەیەکی هەڵبژاردەیی لەنێو گرێ شێرپەنجەییەکاندا کۆببێتەوە. سەنتەرە ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات لە تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە کە ماددەی NO-Cbl بە سەرکەوتوویی لە بەربەستی مێشک تێپەڕیوە و لەنێو شانەکانی گلیۆبلاستۆمادا کۆبووەتەوە، کاتێک NO-Cbl لەگەڵ چارەسەرە باوەکانی وەک تێمۆزۆلۆماید بەکارهێنرا، کاریگەرییەکەی لە سەرکوتکردنی گەشەی خانە شێرپەنجەییەکاندا زۆر بەهێزتر بوو. د. جۆزێف باوەر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە سەنتەری کلیڤلاند کلینیک دەڵێت " ئەم مادەیە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو میکانیزمانەی کە وا دەکەن گرێی گلیۆبلاستۆما بەرگری لەبەرامبەر چارەسەردا دروستبکات". گلیۆبلاستۆما یەکێکە لە کوشندەترین جۆرەکانی شێرپەنجەی مێشک، تەنانەت دوای نەشتەرگەری، تیشک و چارەسەری کیمیاییش، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەخت چارەسەرەکردنی ئەم نەخۆشییە بوونی بەربەستی مێشکە، کە رێگە نادات زۆربەی دەرمانەکان بگەنە شانە شێرپەنجەییەکانی نێو مێشک.
تەندروستی29-06-2026توێژینەوەیەک: پێدانی شیری دایک یارمەتی منداڵ دەدات تاوەکو تەمەنی یەک ساڵی خەوی درێژتر بێت