رووداو - تەندروستی
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس تایبەت بوو بە دوو پرسی سەرەکی 'ئایسکرێم و خەتەنەکردن'، پسپۆڕان جەختیان لەوە کردەوە، ئایسکرێم ئاساییە بخورێت، بەڵام بەپێی چەند مەرجێک کە رێگری بکرێت لە قەڵەوبوون و زیانگەیاندن بە جەستە.
د. سۆما موحسین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت: ناکرێت ئایسکرێم نەخۆین، چونکە وەرزەکە هی ئەوەیە کە بیخۆین و چێژی لێ ببینین، بەڵام دەبێت بەجۆرێک بخورێت کە زیانی تەندروستیی نەبێت.
د. سۆما موحسین دەشڵێت، پێکهاتەکانی ئایسکرێم بەشێکیان سوودبەخشن و لە میوەی سرووشتییەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام بەشێکی دیکەشیان بڕێکی زۆر شەکر و رەنگ و تامی دەستکردیان تێدایە کە ئەمانە زیانیان هەیە ئەگەر بە زۆری بخورێن.
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، باشترە منداڵ لە هەفتەیەکدا تەنیا دووجار ئایسکرێمی دەرەوە بخوات و بە رۆژیش بێت، نەک شەو، پاشانیش بە سکی بە تاڵ نەبێت، بەڵام ئەو ئایسکرێمانەی کە لە ماڵەوە دروستدەکرێن، ئاساییە کە هەفتانە سێ بۆ چوارجار بخورێن و بدرێن بە منداڵ.
مۆتەی نێو قاپ بخورێت نەک ئەوەی پسکیتی لەگەڵە
ئێلا ئیحسان، خۆراکناس لەنێو بەرنامەکە کۆمەڵێک ئایسکرێمی دروستکردووە کە تەواو سرووشتین و لە میوە و پێکهاتەی سرووشتی دروستکراون. ئەو دەڵێت، دروستکردنیان کەمی تێدەچێت و باشترە ئەوانە بەراورد بە ئایسکرێمی دەرەوە بخورێن.
ئێلا ئیحسان گوتی: باشترە مۆتەی نێو قاپ بخورێت نەک ئەوەی پسکیتی لەگەڵە. هۆکارەکەش روون دەکاتەوە کە پسکیتەکە ئاردی سپی، شەکر و کالۆرییەکی زۆری تێدایە و ئەگەر منداڵ زۆر بیخوات، ئەوا بە بەردەوامی شەکری خوێن بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی قەڵەوی.
چۆن منداڵ بە ئایسکرێم تووشی هەوکردنی لەوزەتێن دەبێت؟
د. هۆگر چۆمانی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ کە میوانێکی دیکەی بەرنامەکەیە هۆشداری دەداتە منداڵان کە لەو کاتەی ئایسکرێم دەدرێتە منداڵ نابێت بەپەلە بیخوات و بڕێکی زۆریشی لێ بخوات، چونکە تووشی هەوکردنی ئاڵووەکان 'لەوزەتێن'ـی دەکات.
د. هۆگر چۆمانی گوتی: ئاڵووەکان بەشێکن لە بەرگریی جەستە و گرنگن کە هەبن، بەڵام کاتێک هەوکردنی بەردەوامیان هەیە و کێشەی جیدی بۆ کەسەکە دروستدەکەن، ئیدی پێویستە لاببرێن؛ بەم مەرجانە
- لە ساڵێکدا 7 جار تووشی هەوکردن بێت.
- بسەلمێندرێت کە هەوکردنەکە هۆکارەکەی بەکتریایە.
- لە دوو ساڵ هەر ساڵێک دووجار.
- لەماوەی سێ ساڵ هەر ساڵی سێجار.
- کێشە بۆ هەناسەدانی کەسەکە دروستبکات.
- دوومەڵ لە ئاڵووەکاندا.
منداڵ بۆ خەتەنەکردن ببردرێتە لای پزیشکی پسپۆڕ
د. زینە بەرزنجی و د. سارا ئەنماڕ هەردووکیان پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی منداڵانن و جەخت لەوە دەکەنەوە، کە منداڵ ببردرێتە لای پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی منداڵان بۆ ئەوەی خەتەنە بکرێت، چونکە زۆرجار هەبووە لەبەر ئەوەی لەلای کەسانی ناشارەزا کارەکە کراوە، منداڵەکە چەند جارێک گۆشتی چووکی لێکراوەتەوە.
د. زینە بەرزنجی روونی دەکاتەوە، باشترین تەمەن کەمتر لە یەک مانگە، چونکە ئازار کەمترە و پڕۆسەی چاکبوونەوەش خێراترە.


