رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی دڵ ئاشکرای دەکات، گیرانی لوولەکانی خوێن زۆرترین کێشەی باوی نەخۆشییەکانی دڵە لە هەرێمی کوردستان و جیهانیش.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-6-2026 د. ئەحمەد هیمداد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و سەرۆکی رێکخەرانی کۆنگرەی دڵ لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، هەوکردنی سییەکان یاخود تووشبوونی تووند بە ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا و ئەنفلەوەنزا دەشێت وابکەن کە کارەبایی دڵ لاواز بکەن، بەتایەت کاتێک زوو چارەسەر ناکرێن.
بەگوتەی د. ئەحمەد هیمداد، 90٪ـی ئامێرەکانی نەشتەرگەری و کارەکانی چارەسەریی نەخۆشییەکانی دڵ لە هەرێمی کوردستان بەردەستن و لە ناوچە جیاوازەکانیش بەشی قەستەرە هەیە.
ئەو پسپۆڕە ئەم کێشانەی خوارەوە باس دەکات کە کێشەی سەرەکیی نەخۆشییەکانی دڵن لە هەرێمی کوردستان؛
- گیرانی لوولەکانی خوێن
- جەڵتەی دڵ
- لاوازیی ماسوولکەی دڵ
- تێکچوونی کارەبایی دڵ
- تێکچوونی زمانەکانی دڵ (کە ئێستا کەم بووەتەوە)
لەکۆتاییشدا ئەوەی گوت کە ئەوەی کێشەی گەورەیە ئەوەیە کە رێگەکانی خۆپارێزی لەلایەن خەڵکەوە کەم جێبەجێ دەکرێن و بە پێویستی دەزانێت کە لە هەموو سێکتەرێکدا هۆشداری بە خەڵک بدرێت و خەڵک هۆشیار بکرێتەوە کە تووشی نەخۆشییەکانی دڵ نەبن یاخود هەر کاتێک هەستیان بە نیشانەکان کرد، زوو پزیشک ببینن.

.png&w=3840&q=75)

