رووداو - تەندروستی
پزیشکانی پسپۆڕ لە ناوەندێکی پزیشکی لە ئەمریکا هۆشداری دەدەن لەوەی ئاوی سوێری دەریا و زەریاکان هەم سوودە و هەمیش زیانە بۆ پێست و تاڵەکانی قژ؛ لە کاتێکدا خاوەنی چەندین سوودی کاتیی جوانکاری و پاککەرەوەیە، بەڵام مانەوەی بەردەوامی بە جەستەوە مەترسیی وشکبوونەوەی توند، هەستیاری و پچڕانی قژ زیاد دەکات.
بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی کلیڤلاندی ئەمریکی، رێژەی بەرزیی خوێ و پێکهاتە کانزاییەکانی نێو ئاوی سوێر کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر شێداریی جەستە دروستدەکەن، بۆیە پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
سوود و زیانەکانی ئاوی سوێر بۆ پێست
ئاوی سوێر چەندین کانزای بەسوودی وەک مەگنیسیۆم، پۆتاسیۆم و کالیسیۆمی تێدایە، کە یارمەتیدەرن لە؛
- بە شێوەیەکی کاتی نیشانەکانی هەندێک نەخۆشیی درێژخایەنی پێست وەک (ئەکزیما) و (سەدەفی) کەم دەکاتەوە.
- کریستاڵە زبرەکانی خوێ وەک پاککەرەوەیەکی فیزیکی کاردەکەن بۆ لابردنی خانە مردووەکانی پێست.
- بەهۆی تایبەتمەندیی دژەبەکتریاییەوە، دەکرێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر وشککردنەوە و کەمکردنەوەی هەوکردنی زیپکەی چالاک هەبێت.
زیانەکەی چییە؟
ئەگەر ئاوە سوێرەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بە پێستەوە بمێنێتەوە، بەربەستی سرووشتیی پارێزەری پێست تێکدەدات، شێداریی جەستە هەڵدەمژێت و دەبێتە هۆی وشکبوونەوە، هەستیاری، سووربوونەوە و بەتوێژاڵبوونی پێست.
کاریگەریی ئاوی سوێر لەسەر تاڵەکانی قژ
بۆ قژ، ئاوی سوێر زیاتر بەوە ناسراوە کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەیەکی تووند؛
- سوودە کاتییەکەی: بۆ ئەو کەسانەی پێستی سەریان چەورە، خوێ چەورییە زیادەکە هەڵدەمژێت و چینی دەرەوەی تاڵەکان دەکاتەوە، بەوەش شێوەیەکی شەپۆلاوی و قەبارەیەکی پڕتر بە قژە تەنکەکان دەبەخشێت.
- زیانە سەرەکییەکەی: لەگەڵ کەمکردنەوەی چەورییە زیادەکان، تەواوی چەورییە سرووشتی و پێویستەکانی تاڵەکانی قژیش دەسڕێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زبربوون، ئاڵۆسکان، بژبوون، دوولەتبوونی سەرتاڵەکان و لە کۆتاییدا پچڕان و هەڵوەرینی قژ.
رێنماییە پزیشکییەکان بۆ خۆپاراستن
د. تەیلۆر بوڵک، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە ناوەندەکە، چەند رێکارێکی سادە بەڵام گرنگ بۆ پاراستنی جەستە لەکاتی مەلەکردن لە دەریا دەخاتەڕوو؛
- پێش ئەوەی بچیتە نێو ئاوی سوێر، قژت بە ئاوێکی پاک و شیرین تەڕ بکە؛ چونکە قژ وەک ئیسفەنج وایە، کاتێک بە ئاوی شیرین تێر دەبێت، بڕێکی زۆر کەمتر لە ئاوە سوێر و زیانبەخشەکە هەڵدەمژێت.
- هەرگیز مەهێڵە خوێ بۆ ماوەی چەندین کاژێر بە پێست یان قژتەوە بمێنێتەوە و وشک ببێتەوە. دەستبەجێ دوای مەلەکردن، بە ئاوی شیرین و بێخوێ قژ و جەستەت بشۆ.
- دوای خۆشووشتن، پێویستە دەستبەجێ کرێمی شێدارکەرەوە بۆ پێست و ماسکی نەرمکەرەوە یان رۆنی سرووشتی بۆ قژ بەکاربهێنرێت، تاوەکو ئەو شێدارییەی لەدەستچووە قەرەبوو بکرێتەوە.



