رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر لەنێو کۆنگرەی دڵ لە هەولێر باسی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ دەکات و دەڵێ، خۆپاراستن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکانی دڵ گرنگە، چونکە شێوازی ژیانی ناتەندروست وەکو کەمیی جووڵە و قەڵەوی هۆکارن بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەتایبەت نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-6-2026 د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر باسی ئەوەی کرد کە نەخۆشییەکانی دڵ ئەوانەن کە مەترسیی جیدی دەخەنە سەر تاک و ئەگەریش پێشگیری یاخود زوو چارەسەر بکرێن، دەبنە رێگر لەبەردەم ئەو مەترسییە.
د. دلۆڤان محەممەد ئاماژە بەوە دا، 20 ساڵە سەنتەری دڵ لە هەولێر کراوەتەوە و ئەمەش رێگر بووە لە قوربانییانی نەخۆشییەکانی دڵ. تەنانەت چەندین پسپۆڕی دڵ و نەشتەرگەرییەکانی دڵ پێگەیشتوون.
هەر لەنێو کۆنگرەکە د. دەشتی بوستانی، راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەولێری پزیشکی رایگەیاند، یەکەم نەشتەرگەریی نەخۆشییەکانی دڵ لە ساڵی 1980 لە هەولێر لە نەخۆشخانەی رزگاری کراوە و لەو ساڵەوە سەتان و هەزاران کەس بەهۆیەوە ژیانیان لە مردن رزگار بووە.
کۆنگرەی دڵ لە هەولێر لە رۆژانی 25 و 26ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و چەندین پسپۆڕی نێوخۆیی هاوتای نێودەوڵەتییەکان بەشداربن و نوێترین توێژینەوەکان دەخەنە بەر باس بۆ ئەوەی هەمووان ئەنجامەکان بزانن و نوێترین چارەسەری و پێشنیازەکان لەبارەی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بخەنە گەڕ.
سەرنجی سەرەکیی ئەم کۆنگرەیەی ئەم ساڵ لەسەر نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دڵە بەتایبەت پشکنینی پێشوەختە و باسکردنی نوێترین تەکنیکەکانی قەستەرە. لە جیهاندا نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانن و لە هەرێمی کوردستانیش ئەمە هەیە بەتایبەت قوربانییانی جەڵتەی دڵ کە ئێستا بەپێی ئامارەکان و قسەی پسپۆڕان، لەنێو گەنجاندا رێژەکە زیادی کردووە.
ئەمەش بزانە
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نەخۆشییەکان و جەڵتەی دڵ ساڵانە دەبنە هۆی 17 ملیۆن بۆ 20 ملیۆن گیانلەدەستدان لە جیهاندا، کە ئەمەش یەکسانە بە یەک مردن لەکۆی سێ مردن لە جیهاندا؛ سێیەکی ئەوانەی بەو نەخۆشییانە دەمرن، کەسانی خوار 70 ساڵان بوون و زۆرترین قوربانیش لە وڵاتانی کەمداهات و هەژارنشینەکانن.
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، نزیکەی 27٪ بۆ 30٪ـی کۆی گشتیی مردنەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنەوەیە.


.png&w=3840&q=75)
