رووداو - تەندروستی
جاکی ئێچ خانمێکی 36 ساڵە و لە پۆرتلاندی ئەمریکا دەژی، ئەو بە درێژایی ئاهەنگی هاوژینییەکەی دەستبەندێکی زیرەکی لەدەستکردووە کە پێوانەی لێدانی دڵ و گوشاری دەروونی و هەناسەکانی پێواوە.
خانمەکە دەڵێت: بە درێژایی رۆژی ئاهەنگەکە، گوشاری زۆری دەروونیی هەبووە و پێوانەیەکی بەرزی نیشانداوە، تەنیا لەوکاتەدا نەبێت کە هەمووان لەکاتی ژەمی خواردندا دانیشتوون و پشوویان داوە.
بەشێکی خانمان پێیان خۆشە ئەم ئامێرە بەکاربهێنن تاوەکو بزانن لە چ کاتێکی رۆژی هاوژینییەکەیاندا بەرزترین ئاستی گوشار (سترێس)ـیان هەبووە، یاخود بزانن کە چ کاتێکیان دڵخۆشترین بووە و لێدانی دڵیان بە خێرا لێی داوە.
جاکی ئێچ گوتی، "من شیکەرەوەی داتام، بۆیە حەز دەکەم سەیری داتا بکەم. بە پەرۆش بووم بزانم جەستەم چۆن کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە سترێسەکانی بەڕێوەبردنی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری''.
ئەوەش باس دەکات کە بۆ ژمارەیەکی زۆری خانمان، لەدەستکردنی پارچەیەکی تەکنەلۆژی بۆ ئاهەنگی هاوژینی هەرگیز شتێکی ئاسان نییە و بە رێکپۆشیی ئەو رۆژەی نابینن.
ئێستا نزیکەی 60٪ـی کەسانی پێگەیشتوو لە ئەمریکا بە بەردەوامی ئامێری چاودێریی تەندروستیی و دەروونی بەکاردەهێنن جا لە شێوەی دەستبەند بەند یاخود لەزگە بێت.
هۆشدارییەک لە بەکارهێنانی دەستبەندەکان
د. مایکڵ عەزیز، پسپۆڕی هەناو لە نەخۆشخانەی لۆنێکس هێڵ لە نیویۆرک دەڵێت: بەکارهێنانی ئەو جۆرە دەستبەندانە دەکرێت بەکارهێنەران تووشی دڵەڕاوکێی ناپێویست بکات، چونکە بەشێکی زۆری گوشار و خێرالێدانی دڵ بەهۆی بۆنەیەکەی وەکو پێکهێنانی ژیانی هاوژینی ئاساییە و شتێکی کاتییە.
ئەو پسپۆڕە پێشنیاز دەکات، رۆژێک پێش بۆنەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و تەنانەت رۆژی بۆنەکەش باشترە هیچ دەستبەندێکی پێوانەکردنی گوشار و دڵەڕاوکێ بەکارنەیەت.



