رووداو - تەندروستی
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە بەرنامەیاندا هەیە، هەموو سەنتەری قەزا و ئیدارە سەربەخۆکان قەستەرە هەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-6-2026 لە کۆنگرەی دڵ لە هەولێر د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیچ نەخۆشێک نەماوە لە هەرێمی کوردستان کە پێویستیی بە چارەسەری دڵ هەبێت و نەکرێت، واتە هەموو پێداویستی و کارێکی نەشتەرگەریی دڵ و لوولەکانی خوێن لە هەرێمی کوردستان دەکرێن.
د. سامان بەرزنجی دەڵێت: لەمەودوا بەپێی سیستمێکی نوێ، نەخۆش لە هەر کاتێکدا بێت، لە نەخۆشخانە و سەنتەرە حکومییەکان دەبێت قەستەرەی بۆ بکرێت، چونکە ئەگەر لە چەند کاژێری سەرەتایدا قەستەرە و شەبەکە و باڵۆن کران، ئەوا ماسوولکەکانی دڵ لە سستبوون دەپارێزێن و نەخۆشەکە ژیانی رزگار دەبێت.
رووداو پرسیاری لە د. سامان بەرزنجی کرد کە (ئایا لە نەخۆشخانە نیمچە تایبەتییە حکومییەکان، ئەگەر کەسێک پارەی نەبێت و لەناکاو پێویستیی بە قەستەرە و نەشتەرگەریی دڵ ببێت، کارەکەی بۆ دەکرێت؟) ئەویش لە وەڵامدا گوتی: خەرجییەکانی قەستەرە و شەبەکە و باڵۆن زۆر گرانە و ئەوەی کە وەریش دەگیرێت لەو نەخۆشخانە حکومییانە زۆر کەمە بەراورد بە نەخۆشخانەی تایبەت و نەخۆشخانەکانی دەرەوەی وڵات، هەروەها هەر نەخۆشێکیش نەتوانێت ئەو خەرجییە دابینبکات و حاڵەتەکەی کتوپڕ بێت، چارەسەرییە سەرەتاییەکانی بۆ دەکرێت و نەخۆشەکە دەخرێتە باری جێگیر، ئینجا بە رێگەیەک لە رێگەکان قەستەرە یاخود نەشتەرگەریی دڵی بۆ دەکرێت.
لەکۆتاییدا گوتی کە زۆرترین نەخۆش لە شارەکانی عێراق و هاونیشتمانییانی کوردیش لە دەرەوەی وڵاتەوە دێنە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی قەستەرە و نەشتەرگەرییەکانی دڵ بکەن.


