رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانی هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، قەڵەوی یاخود کێشزۆری لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت و رەنگە پێشیان نەزاندرێت، بەڵام لە پشکنین دەربکەون. باسی چیرۆکی شۆفێرێکی تاکسیش دەکات.
د. جومانە فارس، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی دەڵێت، شۆفێرێکی تاکسی چووە بۆ کلینیکەکەی و بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت، پەستانی خوێنی هەبووە و ئەگەری تووشبوونی بە جەڵتە زۆر زۆر بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی نیشانەی نەبووە وایزانیوە هیچ نەخۆشییەکی نییە.
بەگوتەی د. جومانە فارس، زۆر کەس هەن بۆ مەبەستی قەڵەوی و کۆنتڕۆڵکردنی قەڵەوییەکەیان دێن، بەڵام کە پشکنینیان بۆ دەکرێت 'چەوری، زەخت و شەکرە'ـیان هەیە و بە خۆیان نەزانیوە. تەنانەت دەشڵێت، ''لە خانماندا قەڵەوی زۆرە''.
چیرۆکی شۆفێری تاکسییەکە و مەترسییەکانی قەڵەوی لەسەر خانمان بزانە
رووداو: چ نەخۆشێکی قەڵەو هاتووە بۆلات کە نەیزانیوە کێشەی تەندروستیی هەیە و دوای پشکنین دەرکەوتووە چەندین کێشەی هەیە؟
د. جومانە فارس: زۆر نەخۆش هەیە کە بۆ کێشەی قەڵەوی و کێشزۆرییەکەی هاتووە بۆ کلینیک، بەڵام کە پشکنینی بۆ دەکەین، دەبینین چەندین کێشە و نەخۆشیی درێژخایەنی هەیە و بە خۆی نەزانیوە بۆ نموونە 'شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن و بەرزەچەوریی خوێن'ـی هەیە.
شۆفێرێکی تاکسی هاتە کلینیک و لە ئەنجامی پشکنینە سەرەتاییەکان دەرکەوت، زەختی 23ـیە واتە 230 کە دەکاتە نزیکەی دوو ئەوەندەی ئاستی ئاسایی، بەڵام بەخۆی نەدەزانی و دەیگوت، شۆفێری تاکسیم و خەریکی کارکردنم، هیچ هەستیشم پێی نەکردووە و ئازاریشم نییە. ئەو شۆفێرە کە زەختی ئەوەندە بەرز بووە، ئەگەری هەیە جەڵتەی دڵ یان مێشك لێی بدات و دواتریش بڵێن ''لەناکاو وایلێهات.. عەیبی نەبوو و ساخ بوو، لە پڕ مرد!'' و یاخود رەنگە بۆ هەمیشەیی ئیفلیج ببێت.
هەندێک کەسیش هەن، قەڵەون بەڵام بۆ کێشەی پەستانی خوێن 'زەخت'ـی هاتوون، لە پشکنینەکاندا دەردەکەوێت، چەورییەکان و شەکریان بەرزە. ئێمەش بۆیە ئەو پشکنینانەیان بۆ دەکەین، چونکە دەزانین کە قەڵەوی رێخۆشکەرە بۆ تووشبوون بە چەندین نەخۆشی و مەترسی.
رووداو: لە چ تەمەنێک و قۆناخێکی خانماندا ئەگەری قەڵەوبوون زۆرە؟
د. جومانە فارس: خانمان بە زۆری لەدوای دووگیانبوون یاخود ئەوانەی تەمەنیان سەروو 45 ساڵە و لە قۆناخی وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانەدان زیاتر و خێراتر قەڵەو دەبن، چونکە گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکانیان روودەدات بەتایبەت لە ورگیاندا.
رووداو: قەڵەوی لە کچانی نەوجەوان و منداڵدا چ لێکەوتەیەکی دەبێت؟
د. جومانە فارس: قەڵەوی لە کچانی نەوجەواندا وادەکات زوو سووڕی مانگانەیان دەستپێبکات و زوو پێبگەن، تەنانەت تووشی دڵەڕاوکێ و کەمبوونەوەی باوەڕبەخۆبوونیش دەبن، ئەمە جگە لەوەی رێخۆشکەریشە بۆ تووشبوونی بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە تەمەنی پێگەیشتنیاندا.
رووداو: قەڵەوی لە خانمانی پێگەیشتوو چ لێکەوتەیەکی دەبێت و خانمان تووشی چی دەکات؟
د. جومانە فارس: ئەگەر خانمانی پێگەیشتوو قەڵەو بن، ئەوا ئەگەری تووشبوونیان بە 'شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن و بەرزەچەوریی خوێن' زیاد دەبێت، هەروەها زیاتر تووشی کیسی سەر هێلکەدان دەبن کە سووڕی مانگانەیان تێکدەچێت، لەگەڵیشیدا زیاتر تووشی شێرپەنجەی مەمک و جەڵتەش دەبن. ئەگەر بیانەوێت دووگیانیش ببن، درەنگ دووگیان دەبن هەر لەبەر ئەو کێشانە.
رووداو: خانمێک قەڵەو بێت و بیەوێت دووگیان ببێت، چ مەترسییەکی دەبێت؟
د. جومانە فارس: ئەگەر خانمێک قەڵەو بێت و بیەوێت دووگیان بێت، دەشێت لەماوەی دووگیانییەکەیدا تووشی ئەمانە ببێت؛
- پێشوەختە منداڵبوون
- شەکرەی دووگیانی
- لەبارچوون
- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن
- کەمیی كێش کۆرپەلە و ئاڵۆزییەکانی دووگیانی
رووداو: کەسێک چۆن قەڵەو دەبێت، واتە چی دەکات کە قەڵەوی دەکات؟
د. جومانە فارس: چەند هۆکارێکی باو هەن کە وا لە کەسێک دەکەن قەڵەو بێت وەکو؛
- خواردنی خۆراکی ناتەندروست و زۆرخۆری= خواردنی کالۆری زیاترە لە سووتاندنی کالۆری.
- کەمیی جووڵە و وەرزش.
- ناڕێکیی دەروونی بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
- کەمخەوی.
- هەندێک نەخۆشی وەکو 'غودەی ناچالاک، نەخۆشیی کوشینگ کە هۆڕمۆنی گوشاری کۆرتیزۆڵ زۆر دەردەدرێت و کیسی هێلکەدان'.
- هەندێک دەرمان کە کاریگەرییە لاوەکییەکەیان قەڵەوبوونە.
- بۆماوەیی.



