رووداو - تەندروستی
پسپۆڕانی مایۆکلینیک، هۆشداری لە بەکارهێنانی ناتەندروستی بیستۆک (هێدفۆن) دەدەن و دەڵێن، زیانی مەترسیدار و هەمیشەیی بە گوێ و توانای بیستن دەگەیێنێت، زیانی بیستۆک (هێدفۆن) بۆ سەر گوێ، پشت بە دوو هۆکاری سەرەکی دەبەستێت ئەوانیش ماوەی بەکارهێنان و بەرزیی ئاستی دەنگەکەی.
د. گرێتا ستەمپەر، پزیشکی پسپۆڕی قوڕگ، لووت و گوێ لە مایۆکلینیک رایگەیاند، "بەکارهێنانی بیستۆک بە دەنگێکی زۆر بەرز یان بۆ ماوەیەکی درێژ، خانە هەستیارەکانی ناوەوەی گوێ تێکدەشکێنێت و لەناویان دەبات".
ئەو پزیشکە پسپۆڕە دەشڵێت، بەرزکردنەوەی دەنگی میوزیک و یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە رێگەی بیستۆکەوە، دەبێتە هۆی کێشەی گەورەی تەندروستی و لەدەستدانی توانای بیستن.
بەپێی مایۆکلینیک، زیانەکانی بەکارهێنانی ناتەندروستیی بیستۆک بریتین لە:
- لاوازبوونی خانە دەمارییەکانی بیستن و کەمبوونەوەی توانای بیستنی دەنگە بەرز و نزمەکان.
- دروستبوونی زرنگانەوەی بەردەوام لە گوێدا کە دەبێتە هۆی بێزاری.
- قورسبوونی تێگەیشتن لە قسەی چواردەور و تێکچوونی توانای گشتیی بیستن.
- هەوکردنی گوێ بەهۆی بەکتریاوە، ئەگەر بیستۆکی نێوگوێ بە پاکی بەکارنەهێنرێت.
رێنوێنییەکانی مایۆکلینیک بۆ پاراستنی بیستن:
- پەیڕەوکردنی یاسای 60/60ی گوێگرتن لە دەنگ بە رێژەی 60٪ـی ئاستی دەنگەکە و بۆ ماوەیەک کە لە 60 خولەک زیاتر نەبێت، دواتر پشوو بە گوێیەکانت بدە.
- بەکارهێنانی بیستۆکی سەرگوێ باشترە لەبریی بیستۆکی ناو گوێ، چونکە راستەوخۆ ناچێتە نێو گوێ و پەستانی کەمترە.
- چالاککردنی سنووردارکەری دەنگ لە رێگەی رێکخستنەکانی مۆبایلەکەتەوە، سنوورێک بۆ بەرزترین ئاستی دەنگی بیستۆکەکە دابنێ.
- کڕینی بیستۆکی دژە ژاوەژاو ئەم جۆرە بیستۆکانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی لە شوێنی قەرەباڵخدا، ناچار نەبیت دەنگەکەی زیاد بکەیت.

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)