رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین ئاشکرای دەکات، هیچ کەموکورتییەک لە ستافی پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی فریاکەوتن و بەشی تیشکی راپەڕین نەبووە. چونکە کەسوکاری قوربانییانی رووداوە هاتووچۆکەی رانیە ڤیدیۆیەکیان بڵاو کردووەتەوە کە گوایە ''هیچ پزیشکێک لێنەبووە بۆ ئەوەی پشکنینی تیشكیان بۆ بکەن''، بەڵام ئەمە راست دەکرێتەوە.
کەسوکاری ئەوانەی لە رووداوە هاتووچۆی رانیە برینداربوون دەڵێن، هیچ سکاڵایەکیان لەسەر ستافی پزیشکی و تەندروستیی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە نییە و ئەو کاتەی رووداوەکە بووە لە کاتی پشوو و نوێژدا بوون بۆیە کەمێک دواکەوتن روویداوە لە ئەنجامدانی پشکنین بۆ قوربانییەکان.
د. سەفەر حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین دەڵێت: دوو برینداری رووداوەکە لە فریاکەوتنەوە نێردراونەتە سەنتەری تیشک، بەڵام ئەو کاتەی ئەوان چوون، کاتی ئاڵوگۆڕی دەوام بووە و کەمێک پشکنینەکەیان دواکەوتووە و دواتر بۆیان کراوە.
کەسوکاری قوربانییەکانی رووداوە هاتووچۆکەی رانیە دەڵێن، هیچ یەکێک لە بریندارەکانی رووداوە هاتووچۆکە بەهۆی کەمتەرخەمیی پزیشکەوە گیانی لەدەستنەداوە.



