رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی دەرمانساز رایدەگەیێنێت، بەکارهێنانی بێ جیاوازیی حەب و دەرزیی دژەقەڵەوی دەتوانێت تەندروستیی ئەوانەی قەڵەون و کێشیان زۆرە بخاتە مەترسییەوە. باوترین کاریگەریی لاوەکی بەسەر کۆئەندامی هەرسدا دێت وەکو (سکچوون، ئازاری سک و گەڕانەوەی ترشی گەدە) زۆرجار بەدیدەکرێن.
دکتۆر دیندار فازڵ، پزیشکی دەرمانساز دەڵێت: لە کاتێکدا ئەم کاریگەرییە لاوەکییانە لە نزیکەی 40٪ـی ئەوانەی دەرمانەکە بەکاردەهێنن روودەدەن، بەڵام رەنگە نیشانەکان لە هەندێک نەخۆش کەمتر بن و دەشتواندرێت بە گۆڕینی سیستمی خۆراکی نیشانەکان کەمتر ببنەوە.
بەگوتەی دکتۆر دیندار؛ لە نزیکەی 4٪ـی نەخۆشەکاندا، ئەم کاریگەرییە لاوەکییانە لەوانەیە ئەوەندە تووند بن کە پێویستیان بە وەستاندنی دەرمانەکە هەبێت.
ئەم دەرمانانە بە چەندین جۆری جیاواز دێن و کۆنتڕۆڵکردنی ژەمە دەرمانەکان پێویستی بە وردبینییەکی زۆر هەیە. باوترین کێشەی بەکارهێنانی نادروستیش بریتییە لە زیادەڕۆیی لە ژەمە دەرمانییەکان کە کاریگەرییە لاوەکییە تووندەکانی لێدەکەوێتەوە.
هەندێکجار، کاتێک خەڵک کە دەرمانەکان بەبێ راوێژی پزیشک بەکاردەهێنن و تووشی کاریگەرییە لاوەکییەکان دەبن، نازانن چۆن چارەسەریان بکەن و لێرەوە تووشی مەترسییەکی جیدی دەبنەوە.
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی بەکارھێنانی نادروست ئەوەیە، مرۆڤەکان بۆ ماوەیەکی کورت دەرمانەکانی دژەقەڵەوی بەکاردەھێنن و کە وازیشی لێدەهێنن ئیدی کێشیان زیاد دەبێتەوە.
لە کۆتاییشدا هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە دەبێت ئەو دەرمانانە لەژێر راوێژی پزیشک و پسپۆڕانی خۆراک بەکاربێن، تاوەکو سوودیان لێوەربگریت.



