رووداو- تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین رایگەیاند، لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە هاتووچۆیە پێکهێنا کە ئەمڕۆ لە رانیە روویدا تێیدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 3 کەسی دیکە برینداربوون.
دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە کرا کە کارمەندی پێویست لە نەخۆشخانە نەبووە بۆ چارەسەری بریندارەکان تەها محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنە لەسەر ئەو رووداوە پێکهاتووە و نیگەرانین لەو رووداوە، هەرکەسێک سەرپێچی کردبێت سزادەدرێت".
سەبارەت بە هۆکاری نەبوونی کارمەندی پێویست لە نەخۆشخانە، تەها محەممەد گوتی: "بەهۆی ئاڵوگۆڕی دەوامەوە ئەو گرفتە دروستبووە و یەکێک لە کارمەندەکان نزیکەی 20 خولەک دواکەوتووە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد، سێ لە هاونیشتمانییان لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و یەکێکی دیکەشیان کە برینداربوو، لەکاتی گواستنەوەی بۆ سلێمانی گیانی لەدەستداوە. هەروەها گوتیشی: "دوو لە بریندارەکان تەندروستییان جێگیرە".



