رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی سەلامەتیی تەندروستی باسی هۆکاری وەستانی یارییەکەی نێوان فەرەنسا و عێراق دەکات و دەڵێ، پەیڕەوکردنی مەرجەکانی سەلامەتی هێمایەکە بۆ بەگوێکردنی حکومەتی ئەمریکا بۆ مەرجە تەندروستی و سەلامەتییەکانی دەزگا تەندروستییەکان.
شوان کەمال، پسپۆڕی سەلامەتیی تەندروستی دەڵێت: یاسایەکی ئەمریکی هەیە کە لە دووریی 13 کیلۆمەتر هەورەبرووسکە هەبێت، دەبێت یارییەکە بۆماوەی 30 خولەک بوەستێندرێت و هاندەرانیش یاریگە چۆڵ بکەن و بچنە ئەو شوێنانەی نێو یاریگە کە سەلامەتن و دژە هەورەبرووسکەن، تاوەکوە دۆخەکە جێگیر دەبێت.
ئەو گوتی، فیفا بە هەموو هێزی خۆیەوە نەک سەرپێچیی یاسای سەلامەتی ناکات، بەڵکو بە تووندیش پشتگیریی دەکات.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەشی بەوە کرد، زۆرجار لە هەرێمی کوردستان بە بێ هیچ هەڵسەنگاندنێک و هیچ بنەمایەک، لەکاتی رووداوە سرووشتییەکاندا پشوو رادەگەیێندرێت و هەندێکجاریش پێش هەر رووداوێکی سرووشتی و هێشتا هیچ نەبووە، پشووەکە راگەیێندراوە!
یاساکە چۆنە و چۆن ئەمە روویدا؟
بارانێکی بەخوڕ و هەورەبرووسکەی رۆژی دووشەممە 22-6-2026 بووە هۆی دواکەوتنێکی دەگمەنی یارییەکی مۆندیال بەهۆی کەشوهەواوە، کاتێک پشووی نێوان دوو گێمی یاریی نێوان فەرەنسا و عێراق بۆ ماوەی دوو کاژێر و 10 خولەک درێژبووەوە.
ئەمە یەکەم دواکەوتنی پاڵەوانێتییەکە بوو بەهۆی بارانەوە و یەکەمجار بوو لە ماوەی لانیکەم چەندین دەیەی رابردوودا کە یارییەکی مۆندیال لە نێوەڕاستدا بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە دوابخرێت.
ئەنجامی یارییەکە 3 بە سفر بە بردنەوەی فەرەنسا کۆتایی هات و دیدێ دیشام، راهێنەری فەرەنسا لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەمە پرسی سەلامەتییە. ناتوانیت دژی باران و هەورەبرووسکە بجەنگیت. ئێمە پابەندی یاسا خۆجێییەکان دەبین. دەبێت خۆمان بگونجێنین. ئەمانە بارودۆخێکی زۆر تایبەتن و هیوادارم جارێکی دیکە روونەدەنەوە.
سەرەتا پێشبینی دەکرا کە لەگەڵ 15 خولەکی پشووەکەی گێمی یەکەم، 15 خولەکی دیکەش درێژ بکرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی یاریگەکە رایانگەیاند "یارییەکە کاتێک دەستپێدەکاتەوە کە بە سەلامەت دابنرێت''.
گراهام ئاڕنۆڵد، راهێنەری عێراق لەبارەی دواکەوتنەکەوە گوتی "پێموایە ئەمە یەکەمجارە وەکو راهێنەر یان یاریزان لە تۆپی پێدا ئەزموونی بکەم. بێگومان کارەکەی بۆ یاریزانان زۆر قورستر کرد. کێ دەتوانێت لە رووی دەروونییەوە سەرنجی لەسەر یارییەکە بێت؟''


