رووداو-تەندروستی
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەتوانێت ببێتە هۆی مەترسی لەسەر تەندروستیی درێژخایەنی خەڵکی بەهۆی راگرتنیان لە وەرزشکردن، لێرەدا چەند رێگەیەک دەخەینەڕوو بۆ ئەوەی بتوانیت لە کەشوهەوای گەرمدا بەردەوام بیت لە وەرزشکردن.
چالاک مانەوە لە کەشوهەوای گەرمدا رەنگە ئاسان نەبێت، ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وایکردووە لە جامی جیهانیی 2026ی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک پشووی زیادە بۆ خواردنەوەی ئاو بۆ یاریزانان دابنرێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی پلەکانی گەرما لەم هاوینەدا، ئەگەری هەیە وەرزشکردن ببێتە کارێکی سەخت.
بەردەوامبوون لە راکردن یان یاریی تۆپی پێ لە گەرمایەکی زۆردا نەک هەر ناخۆشە، بەڵکو دەتوانێت مەترسیداریش بێت و تووشی گەرمابردنت بکات.
د. کریستیان گارسیا ویتولسکی، پسپۆڕی ژینگە لە زانکۆی پۆنتیفیکاڵی کاسۆلیکی ئەرجەنتین، دەڵێت، "پیاسەکردن، پاسکیلسواری، وەرزشکردن لە دەرەوە و تەنانەت کارە رۆژانەییەکانی وەک رۆیشتن بەپێ بۆ شوێنی کار کاتێک پلەکانی گەرما بەرزن لە رووی جەستەییەوە قورستر دەبن، بەڵام ئەگەر چالاکیی جەستەییمان کەم بکەینەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی مەترسیی تەندروستیی درێژخایەن."
د. گارسیا ویتولسکی هۆشداری دەدات کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمتر جووڵانی خەڵک و لە ئەنجامدا تاوەکو ساڵی 2050 ببێتە هۆی مردنی پێشوەختەی نزیکەی 470 بۆ 700 هەزار کەس لە ساڵێکدا.
بۆچی لە گەرمادا زووتر ماندوو دەبیت؟
کاتێک وەرزش دەکەیت، ماسولکەکانت گەرما بەرهەم دەهێنن، پاشان جەستەت هەوڵدەدات خۆی فێنک بکاتەوە لە رێگەی ئارەقکردنەوە و ناردنی خوێن بۆ پێست، بەڵام ئەمە کێشەیەک دروست دەکات، چونکە هەمان خوێن پێویستە بۆ گەیاندنی ئۆکسجین بە ماسولکەکانت.
د. ئۆلی جەی لە زانکۆی سیدنی دەڵێت، "پێست خوێن لە ماسولکەکان دەدزێت، بۆیە ناتوانیت ئۆکسجینی پێویستیان پێبگەیەنێت."
د. ئۆلی جەی ئاماژە بەوەدەکات لەم بارودۆخەدا، زۆر بەخێرایی ماندوێتی روودەدات، چونکە جەستەت هەوڵدەدات ئۆکسجینی پێویست بگەیەنێتە ماسولکەکانت، هەروەها گوشارێکی زیاتر لەسەر دڵ دروست دەبێت.
چۆن دەتوانیت لە گەرمادا بە سەلامەتی وەرزش بکەیت؟
1. لە کاتێکی فێنکدا وەرزش بکە: کاریگەرترین گۆڕانکاری ئەوەیە کە لە کاتێکی فێنکتردا وەرزش بکەیت، وەک بەیانیان یان ئێواران.
2. رێژەی شێ لەبەرچاو بگرە: رێگەی سەرەکیی جەستەت بۆ لەدەستدانی گەرما بەهەڵمبوونی ئارەقە لەسەر پێست، بەڵام لە کەشوهەوای شێداردا ئەم پرۆسەیە هێواش دەبێتەوە چونکە هەوا شێی زیاتری تێدایە.
3. ماوەی وەرزشەکەت کورت بکەرەوە یان چڕییەکەی کەم بکەرەوە: لەو رۆژانەی کە ناتوانیت خۆت لە گەرما بەدوور بگریت، دەتوانیت بۆ ماوەیەکی کورتتر وەرزش بکەیت و پشووی زیاتر وەربگریت.
4. خۆت فێنک بکەرەوە: دەتوانیت بەشێک لە جەستەت (وەک دەست و قۆڵ) بخەیتە نێو ئاوی ساردەوە، رێگەیەکی دیکە ئەوەیە ئاو بەسەر خۆتدا بکەیت، ئەمە یارمەتیی جەستەت دەدات خوێنی زیاتر بۆ ماسولکەکانت بنێرێت.
5. پێش وەرزش خۆت فێنک بکەرەوە: دابەزاندنی پلەی گەرمیی جەستەت پێش ئەوەی بچیتە دەرەوە، کاتێکی زیاترت پێدەدات پێش ئەوەی دۆخەکە مەترسیدار بێت، خواردنەوەی ئاوی سارد یان شەربەتی سەهۆڵاوی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.
6. پێویستە جەستەت لەگەڵ کەشوهەوا بگونجێنیت: وردە وردە زیادکردنی ماوەی وەرزشکردن لە کەشوهەوای گەرمدا وا دەکات جەستەت لەگەڵیدا بگونجێت، ئەمەش پرۆسەیەکە پێی دەگوترێت "گونجاندن لەگەڵ گەرما"، بە گشتی دوای 7 بۆ 14 رۆژ لە وەرزشکردنی بەردەوام لە گەرمادا، پلەی گەرمیی جەستەت لە کاتی پشوودا دادەبەزێت و رێژەی ئارەقکردنەوەت زیاد دەکات.
7. بزانە کەی بووەستیت: نیشانەکانی وەک سەرگێژخواردن، دڵتێکەڵهاتن، ماندوێتی و خێرالێدانی دڵ، ئاماژەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ بوەستیت و خۆت فێنک بکەیتەوە.
د. گارسیا ویتولسکی، دەڵێت، "پەیامە گەورەکە ئەوەیە کە دەبێت واز لەوە بهێنین کە چالاکیی جەستەیی وەک شتێکی تەواو جیاواز لە کەشوهەوا سەیر بکەین، لەگەڵ زیادبوونی شەپۆلەکانی گەرما، پێویستە خەڵک خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەوەی کەی، لە کوێ و چۆن وەرزش دەکەن."


