رووداو - تەندروستی
لەگەڵ گەرما و هاتنی وەرزی هاوین، مێشوولەکانیش چالاک دەبن، کە مێشوولەش چالاک بوو ئیدی هەراسانکردنی مرۆڤ لە گەستنی مێشوولە زیاد دەبێت، بەڵام بەگوێرەی قسەی پسپۆڕان و ئەنجامی توێژینەوە جیهانییەکان؛ کۆمەڵێک هۆکار و تایبەتمەندیی جەستەی مرۆڤ وادەکەن، کەسێک ببێتە ئازیز یان پشتگوێخراوی مێشوولەکان.
زۆرجار گوێمان لێدەبێت، هەندێک کەس کاتێک دەچنە دەرەوە یان تەنانەت دانیشتوون، مێشوولەیەکی زۆر دەیانگەزێت، لە کاتێکدا هاوژوورەکانیان یان هاوبەشەکانیان یەک گەستنی مێشوولەشیان بەرناکەوێت. ئەگەر تۆش دۆخێکی هاوشێوەت هەیە، ئەوا بەتەنیا نیت. بەگوێرەی توێژینەوەکان، نزیکەی 20٪ـی خەڵک بە شێوەیەکی بەردەوام و زۆرتر لەوانی دیکە مێشوولە پێوەیانەوە دەدات.
ئەمانەی خوارەوە دەشێت هۆکار بن کە وا لە مێشوولە بکەن زیاتر یان کەمتر خۆشیان بوێیت؛
بۆنی جەستە
توێژەرانی بەشی بایۆلۆژیی زانکۆی کالیفۆرنیا بۆیان دەرکەوتووە، جەستە چەند ئاوێتەیەک بەرهەم دەهێنێت کە وەکو موگناتیسن بۆ مێشوولە وەکو (ئەمۆنیا و ترشی لاکتیک). لێکۆڵەرانی زانکۆی رۆکفێلەری ئەمریکی ئاشکرای دەکەن، ترشی کاربۆکسیل کە پێست بۆ شێدارکردنەوە دەریدەدات، مێشوولە زیاتر بۆخۆی رادەکێشێت.
رەنگی جلوبەرگ
توێژینەوەیەکی ساڵی 2024ـی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، ئەگەر جلوبەرگی رەنگتۆخ لەبەر بکەیت ئەوا مێشوولە زیاتر دەتبینێت وەکو رەنگەکانی (رەش، شین، سەوز یان سوور).
جۆری خوێن
بەگوێرەی پەیمانگەی نیشتمانیی دڵ، سی و خوێن لە ئەفریقا و ئەمریکا، مێشوولەکان لەسەر هەندێک پڕۆتینی نێو خوێن دەژین کە حەزی پێدەکەن و وەکو خۆراکێکە بۆیان، هەر بۆیە هەندێک جۆری خوێن بە لەبارتر دەزانن بۆ نموونە مێشوولەی Aedes albopictus حەزی لە خوێنی جۆری Oـیە، بەڵام مێشوولەی Anopheles gambiae حەزی لە گرووپی خوێنی ABـیە. بێگومان مێشوولەش لەڕێگەی ئەو سیگناڵانەیە کە جەستە دەریدەدات، جۆری گرووپەکە دەناسێتەوە، بەڵام بەپێی ریزبەندیی (گرووپی خوێنی O، گرووپی خوێنی B ئینجا گرووپی خوێنی A) پەسندن لای مێشوولە.
گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن
زانکۆی ویسکۆنسن و رۆکیفیلەر دەریان خستووە، مێشوولە حەزی بە گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆنە و هەر لە دوورەوە هەستی پێدەکات، بەتایبەت زیاتر دەچێتە لای ئەوانەی هەناسەی درێژ دەدەنەوە وەک ئەوانەی وەرزش دەکەن یاخود دووگیانن.
گەرمیی جەستە
توێژەرانی زانکۆی شاریتە لە ئەڵمانیا و توێژینەوەیەکی گۆڤاری نەیچەر رایدەگەیێنن، مێشوولە حەز بە ژینگەی گەرم و سەرچاوەی گەرمی و شێداری دەکات، بۆیە بەرەو شوێن و سەرچاوەی گەرمدا دەگەڕێن، لەکاتی ئارەقەکردنەوە و وەرزشدا جەستە گەرم دەبێت و مێشوولەش حەزی زیاتری پێدەکات.
خواردنەوەی کحول
بەگوێرەی نوێترین توێژینەوەی شیکاریی PubMed و دامەزراوەی ئەمریکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مێشوولە، ئەوانەی کحول دەخۆنەوە ئەگەری پێوەدانی مێشوولەیان زیاتر بووە لەوانەی لەهەمان شوێندا بوون و کحولیان نەخواردووەتەوە.
جۆری بەکتریاکانی سەر پێست
ناوەنی CDC رایدەگەیێنێت، چەندین بەکتریا و میکرۆب لەسەر پێست دەژین. ئەم بەکتریایانە لەگەڵ ئارەقەی جەستە بۆنێکی تایبەت دەردەدەن کە سەرنجی مێشوولەکان رادەکێشێت. دەشێت ئەوانەی پێستیان بەکتریای کەمی لەسەرە و ئارەقەیان بۆنی نییە، کەمتر مێشوولە پێوەیان بدات.



