رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، ساڵی داهاتوو هەر کیلۆیەک گەنم بە 73 هەزار و 760 تمەن لە جووتیاران دەکڕن؛ بە گوتەی لیژنەی دیاریکردنی نرخەکان، ئەو نرخە دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ نوێنەری جووتیاران دیاریکراوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، ئەنجوومەنی دیاریکردنی نرخی گەنم رۆژی چوارشەممە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەت، جووتیاران و کەرتی تایبەت کۆبووەوە و نرخی گەنمی بۆ ساڵی داهاتوو پەسندکرد.
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەپێی بڕیارەکە، ساڵی داهاتوو هەر کیلۆیەک گەنم بە 73 هەزار و 760 تمەن لە جووتیاران دەکڕدرێتەوە.
ئەم ساڵ حکومەتی ئێران هەر کیلۆیەک گەنمی بە 46 هەزار و 500 تمەن (28 سەنت) لە جووتیاران کڕییەوە.
حکومەتی ئێران بۆئەوەی هانی جووتیاران بدات لە وەرزی پاییزدا گەنم بچێنن، زووتر لە وەرزی چاندن نرخی گەنم بۆ ساڵی داهاتوو دیاریدەکات.
هەموو ساڵێک دەبێت نرخی گەنم بۆ ساڵی داهاتوو سەرەتای هاوین دیاریبکرێت، بەڵام ئەم ساڵیش چوار مانگ درەنگتر لەکاتی خۆیدا دیاریکرا.
ئەوە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا 3%ـی پارەی گەنمی جووتیاران دابەشنەکراوە.




