رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان داوا دەکات حکومەتی عێراق لەبری هەوڵدان بۆ چوونە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کێشە و وەرگرتنی پارە لە بازگەکانی حکومەتی عێراق کۆتایی پێبهێنێت
26ـی تشرینی دووەمی 2026، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشكێشی دەکات، رایگەیاند بڕیارەکەی زەیدی لە جێگەی خۆیدا نییە و هەموو بڕیارێکی هاوشێوەش کە ئاڵۆزی دروست دەکات بازاڕ لاواز دەکات.
باسی لەوەشکرد، ئەوان چاوەڕوان بوون سەرۆکوەزیرانی عێراق چاکسازی لە بازگەی نێوان پارێزگاکاندا بکات، نەوەکو هەوڵی چوونە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بدات و هەمان کێشە دروست بێت.
سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان داوای چارەسەرکردنی کێشەی بازرگانانی لە بازگەکانی حکومەتی عێراق کرد و رایگەیاند، لەو بازگانەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقن پارەیەکی زۆر لە بازرگانان وەردەگیرێت و بەهۆی گەندەڵییەوە ناتوانرێت مامەڵەیەکی زۆر لەگەڵ شارەکانی دیکە بکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە بازگەکانی عێراق پارەیەکی زۆر لەو بازرگانانە وەردەگیرێت، کە کاڵا و شتوومەک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە دەگوازنەوە.
هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی فەرمی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی ناسێندراون.
رۆژی 24ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق چەند رێکار و بڕیارێکی حکومەتی عێراقی راگەیاند.
بە گوێرەی یەکێک لە بڕیارەکان، پێویستە تەواوی دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە وەربگیردرێن.


