رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەرەتای مامەڵەکانی ئاسیادا نرخی نەوتی خاو بەرزبووەوە و درێژەی بە دەستکەوتەکانی رۆژی پێشووی دا، بەهۆی نیگەرانییەکان لەسەر خستنەڕووی نەوت. ئەمەش دوای ئەوەی حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی سعودیەیان پێکاوە و لانیکەم دوو کەشتیش لە تەنگەی هورمز بەر مینی دەریایی ئێران کەوتوون.
نرخی نەوتی خاوی برێنت ئەمڕۆ 10 سەنت یان بە رێژەی 0.1% بەرزبووەوە و گەیشتە 94.71 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش 35 سەنت یان 0.4% بەرزبووەوە بۆ 84.03 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
رۆژی چوارشەممە، نەوتی برێنت بە رێژەی 3.5% و نەوتی تەکساس بە رێژەی 2% بەرزبوونەوە، دوای ئەوەی حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند هێرشیان کردووەتە سەر پاڵاوگەی نەوتی (رەئس تەنورە) لە سعودیە و ناوچەی دارایی ریاز.
ئەو پاڵاوگەیە کە گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی سعودیەیە، بەشێکە لە کۆمەڵگەیەکی پیشەسازی کە وەک بەندەرێکی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئەو وڵاتەش کاردەکات. شرۆڤەکارانیش پێشبینی دەکەن هێرشە نوێکانی حووسییەکان تێچووی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان زیاتر بکەن.
لە هەمان کاتدا، کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدا رووبەڕووی مەترسیی پەککەوتن بووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدا هەناردە و خستنەڕووی نەوت لەو رێڕۆیەوە بەرەو ئاستی پێش جەنگ دەگەڕایەوە.
ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەرمیی (فارس) لەسەر زاری سوپای ئێرانەوە بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە ناوچەیەکی قەدەخەکراو لە نێو تەنگەکەدا بەر مینی دەریایی کەوتووە و ئاگری گرتووە. ئەم راپۆرتەش دوای ئەوە هات کە میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە رۆژی چوارشەممە دوو کەشتیی دیکەی نەوتهەڵگر بەر مین کەوتوون و لە نێو تەنگەکەدا تەقیونەتەوە.
دانیال هاینز، شرۆڤەکار لە بانکی ANZ دەڵێت لەو بارەیەوە دەڵێت: "فراوانبوونی ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڕەشەی راگرتنی ئەو بەرزبوونەوەیە دەکات کە لە چەند هەفتەی رابردوودا لە گواستنەوەی نەوتدا بەدی دەکرا. هەناردەی نەوتی خاوی کەنداو لە هەفتەی رابردوودا زیادی کرد، بەڵام ئێستا بەرەو ئاراستەی دابەزینە."
وەزیرانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رۆژی 29ـی تشرینی دووەم زنجیرەیەک کۆبوونەوە بۆ بڕیاردان لەسەر سیاسەتی بەرهەمهێنانیان بۆ ساڵی 2027 ئەنجام دەدەن، لە کاتێکدا رووبەڕووی ئاڵنگاریی هاوسەنگکردنی بەرهەمهێنان بوونەتەوە دوای ئەوەی ئیمارات لە گرووپەکە نەماوە و عێراق و کازاخستان گوشار دەخەنە سەر ئۆپێک پڵەس تاوەکو خەمڵاندنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتیان بەرزبکاتەوە.
لە ئەمریکا، کارگێری زانیاریی وزە رایگەیاند کە لە هەفتەی رابردوودا، کۆگاکانی نەوتی خاو 1.1 ملیۆن بەرمیل زیادیان کردووە و گەیشتوونەتە 418.9 ملیۆن بەرمیل، ئەمەش پاڵپشتیی بە نرخەکان بەخشی لەبەر ئەوەی شرۆڤەکاران پێشبینیی زیادبوونی 1.5 ملیۆن بەرمیلیان دەکرد.



