رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، یەکەمین بازاڕچەی فرۆشتنی کاڵا بە سەرمایەی خۆی (بێ قازانج)، لە شاری کرماشاندا، بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە بژێویی خێزانەکان دەکرێتەوە.
سەعید کەریمی، بەڕێوەبەری رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان، رایگەیاند، یەکەمین بازاڕچەی فرۆشتنی کاڵا بە سفر قازانج، ئەمڕۆ یەکشەممە کاژێر 16:00 لە گەڕەکی (موعەلیم)ـدا دەکرێتەوە.
کەریمی دەڵێت، کردنەوەی ئەو بازاڕچانە بۆ ئەوەیە هاووڵاتییان بە ئاسانی و بە نرخێکی گونجاو کاڵا پێویستەکانیان دەستبکەوێت و پاڵپشتی لە بژێویی خێزانەکان بکرێت.
سەعید کەریمی دەشڵێت، پێشبینی دەکرێت بەگشتی هەشت شوێن لە شاری کرماشاندا بۆ ئەو بازاڕچانە تەرخانبکرێن، تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن بەرهەمی کواڵیتیی بەرز بە نرخێکی گونجاو و بەبێ زیادە خستنەسەری فرۆشیارەکان بکڕن.
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە پارێزگای کرماشاندا 89٪ـە و لە پلەی حەوتەمدایە. ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمبوونەوەی توانای کڕینی کاڵا لەلایەن خەڵکەوە.


